عێراق بەرەو تەنگژە و چەقبەستوویی سیاسی هەنگاو دەنێت

:: PM:06:27:05/12/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق پێیان نایە سێیەم مانگ و تا ئێستە بەردەوامن، هێزە سیاسییەكان دەیانەوێ سوود لەو هێوربوونەوەی دۆخەكە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ببینن و لە رێگەی پەرلەمانەوە دەستی دەستی بەو یاسایانەی بكەن بۆ هەڵبژاردنی و كۆمسیۆن دەری دەكەن كە ئامادەسازییە بۆ خۆپێشاندانێكی پێشوەختە، بەڵام بەویستی خۆیان نەوەك خۆپێشاندەران و شەقام.
نەخشەی سیاسی عێراق بەخواست و لەسەر دەستی كێ دادڕێژرێتەوە؟
دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ململانێی كۆنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان تێكەڵ بە یارییەكی سیاسی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ ویستی خۆپێشاندەران دەستی پێ كرد، ئێستە هێزە سیاسییەكانی عێراق دوو یاری دەكەن، یەكەمیان یاری دەسەڵات لەگەڵ یەكتر بە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییە سیاسییەی دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دروست بووە و وەك هەلێك بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی لە وڵات دەیبینن.

هاوكات یارییەك لەگەڵ خۆپێشاندەران و خواستی ئەوان بۆ گۆڕین و دروستبوونەوەی پرۆسەیەكی سیاسی دوور لەو هێزە سیاسییە كۆنانەی دوای 2003ەوە فەرمانڕەوایی وڵات دەكەن و بەو رۆژەیان گەیاندن، بۆیە خەریكە بەڕەكە لەبن پێی خۆپێشاندەران دەردێنن لە رێگەی نوێنەرانیان لەناو پەرلەمان و دەستی دەستیكردن بەو یاسایانەی پێوەستن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە ئەگەر بكرێت دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە ئەوان كار بۆ دوای ئەوە دەكەن كە چۆن هەرخۆیان بێنەوە یان تا پێیان دەكرێت دوای بخەن، بۆ ئەوەش گرەو لەسەر شكستی خۆپێشاندانەكان دەكەن.

هاوپەیمانی "سائیروون"ی سەر بە موقتەدا سەدر دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و داواكردنی سەرۆكی پەرلەمان لە سەرۆك كۆماری عێراق بۆ راسپارندنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، رای گەیاند كە ئەوان وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان مافی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە بۆ خۆپێشاندەران سازش دەكەن، هاوكات دەرگەیان لەسەر گفتوگۆ داخست بەوەی بەشداری لەهیچ كۆبوونەوەیەك بۆ دیاریكردنی كاندید سەرۆك وەزیرانی نوێ ناكەن، بەوەش خۆیان لە جەماوەر نزیك كردەوە و هێزە سیاسییەكانی تریان خستە هەڵوێستێك كە نەتوانن خواستی جەماوەر رەت بكەنەوە یان دەبن بە نەیاری ئەوان، هاوكات رێگەیەكیشە بۆ كاندیدكردنی كەسێك لەناو جەماوەر نزیك بێت لە سەدر.

ئەمڕۆ پێنجشەم "سائیروون" دووبارە دووپاتی كردەوە بەوەی ئەوان فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانن و مافی كاندیدكردنی كەسێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ عێراق داوەتە خۆپێشاندەران نەوەك هێزە سیاسییەكان و پاڵپشتی لە كاندیدی خۆپێشاندەران دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە. 

عەباس علێوی پەرلەمانتاری "سائیروون"، روونی كردەوە تا ئێستە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانین و هێزە سیاسییەكانی لەگەڵمان بوون پاڵپشتیمان دەكەن، بۆیە نووسراومان بۆ سەرۆك كۆمار بەوەی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ راسپێرێت روونە بەوەی ئێمەین گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و ئێمەش بەهۆی خواستی خۆپێشاندەران ئەو مافەمان بەوان داوە بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستەكە.

لای خۆیەوە محەمەد خالدی سەرۆكی هاوپەیمانی بەیارق ئەلخەیر گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كاندیدی سەرۆكی نوێی حكوومەت، دووپاتی كردەوە كە ژمارەی پەرلەمانتارانی واژوویان لەسەر دوورخستنەوەی كاندیدی سەرۆكی نوێی حكوومەت لە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و دیاریكردنی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە كردووە گەیشتووەتە 130 پەرلەمانتار.    

زیاتر گوتی، دیاریكردنی هەر كاندیدێك لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و سازان لە نێوان هاوپەیمانی و هێزە سیاسییەكانەوە دەبێتە مایەی ورووژانی شەقام و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران كۆدەبنەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی واژووەكان بۆ دوورخستنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ لە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان كە تا ئێستە گەیشتووەتە 130 پەرلەمانتار.

لای خۆیەوە ئەسعەد مورشدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتیمانی رای گەیاند، ئێستە جموجۆڵێك بەئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، ئەوەش راستەوخۆ دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی نوێی حكوومەتی عێراق.

زیاتر گوتی، ئێستە گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمانتاران هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە و ئەو پێشنیازەش لەلایەن ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و هێزە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت، هاوكات جموجۆڵی تر هەیە بەئاراستەی گۆڕینی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان لەدوای گۆڕینی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە رەنگە ئەوەش وڵات بخاتە ناو تەنگژەیەكی نوێ، بۆیە دۆخەكە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت.  

ئەمڕۆ سەنتەری "ستراتفۆر"ی هەواڵگری ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بەستەڵەكە سیاسییەی هەیە قووڵتر دەكات و دەستلەكاركێشانەوەی كۆتایی بەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە ناهێنێت كە زیاتر لە دوو مانگە لە عێراق هەیە.

سەنتەرەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی كرد كە گۆڕینی عەبدولمەهدی بە كاندیدێكی قبووڵكراو لای خۆپێشاندەران و سیاسەتوان و هێزە سیاسییەكان بەیەكەوە كارێكی ئاسان نییە و ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو بەستەڵەكە سیاسییەی لەو وڵاتە هەیە قووڵتر دەبێتەوە.

دوێنێ رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ئاماژەی كرد كە دۆخی ئێستەی عێراق گەیشتووەتە لێواری هەڵدێرەكە و ئەو وڵاتە زیاتر لەهەر كاتێكی تر لەوەتەی داگیركردنی لەلایەن ئەمەریكاوە لە 2003 لە لێكهەڵوەشانەوە نزیكە.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، دوای دوو مانگ لە خۆپێشاندان و كوژرانی نزیەی 450 كەس و برینداربوونی هەزاران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ناچاری دەستلەكاركێشانەوە كرا، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە دەسەڵات كە ئێران هەوڵی پڕكردنەوەی دەدات.

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات، پێ ناچێت چینی سیاسی لە عێراق ئامادەی وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەران بن كە سەرەڕای بەڵێنەكانی چاكسازی، مامەڵەی حكوومەت لەگەڵ خۆپێشاندەران توندتر بوو، بۆیە ئەستەمە پێشبینی یان گەشبینی هەبێت بەوەی سیستەمێكی فەرمانڕەوایی وەك ئەوەی عێراق كە یاریكەری زۆر كۆنترۆڵی دەكەن، بتوانێت سەركردەیەكی بەتوانا بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپێشاندەران دیاری بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل