خۆپێشاندەران داوای لادانی چوار پارێزگار دەكەن

:: PM:07:06:05/12/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە عێراق، لە نوێترین داواكاری خۆپێشاندەران داوای لادانی بەپەلەی ژمارەیەك پارێزگار دەكەن بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی بەهۆی پۆستەكانیان كە وای كردووە وڵات بگاتە دۆخێكی وەك ئەمڕۆ. 
دوای عەبدولمەهدی خۆپێشاندەران لەسەر داوای گۆڕانكاری بەردەوامن
حەسەن خەرسان، چالاكێكی خۆپێشاندانەكان لە نەجەف دەڵێت، پارێزگارەكان بەشێكن لە سیستەمی فەرمانڕەوایی كە وڵاتی بەو دۆخەی ئێستە گەیاند، بۆیە بەوپێیەی خۆپێشاندەران داوای چاكسازی ریشەیی دەكەن، بۆیە یەكێك لە داواكاری ئەوان لادانی لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەفە.

ئەسما نەجم چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی پارێزگای موسەنا دەڵێت، خۆپێشاندەرانی موسەنا داوای لادانی ئەحمەد مەنفی پارێزگار و دانانی پارێزگارێكی نوێ دەكەن دوور لە حزبەكانی دەسەڵات، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو پارێزگارە لە رێگەی بەشبەشێنەی حزبییەوە هاتووە و لە كارەكەی شكستی خواردووە و دۆخی پارێزگاكەی زۆر خراپ كردووە.

لە پارێزگای دیوانییە مەها ناسڕ چالاكێكی خۆپێشاندانەكان ئاماژە دەكات كە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە خۆپێشاندەرانی دیوانییە داوای لەكار لادانی زوهێر شەعلان پارێزگار دەكەن كە حزبە سیاسییەكان لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی سیاسی دایانناوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەبێت پارێزگارەكانیش لابدرێن، چونكە بەشێكن لە سیستەمی فەرمانڕەوایی كە زیانی زۆریان بە وڵات و پارێزگاكانیان گەیاندووە.  

محەمەد حەبیب چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەڵێت، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە جیاواز نییە لە پارێزگاكانی تر كە لە دوای 2003ەوە هاتوون و تا ئەو ساتەیش گەندەڵی و واستە بەردەوامە و هۆزەكان یەسەر داهاتی پارێزگاكە باڵادەستن و ئەویش هیچ هەڵوێستی نییە، بۆیە ئەوان بەشێكن لە گەندەڵی و خراپی ئیدارەدان و بڵاوبوونەوەی بێكاری. 

شایەنی باسە ئەمڕۆ پێنجشەم فەرمانگەی لێكۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهەی عێراق ئاشكرای كرد كە فەرمانی گرتن بۆ نەوفەل عاگووب پارێزگاری پێشووتری نەینەوا بەتۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەركراوە، كە چەند پڕۆژەیەكی گەورەی بەدەر لە رێنوێنییەكان دەستكاری كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل