ئه‌مڕۆ خۆپێشاندانەكانی عێراق پێی نایە سێیەم مانگ و تا ئێسته‌یش بەردەوامه، له به‌رانبه‌ردا هێزە تەناهییەكانی عێراق هێزی لەڕادەبەدەریان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران بەكار هێناوه و قوربانی زۆری لێ كەوتووەتەوە، بەشێوەیەك ژمارەی راستەقینەی كوژراو برینداران زۆر لەوە زیاترە كه ئاشكرا بووه.
سه‌رۆكی كۆمار جگه له گه‌شتی و خۆشی خۆی بۆ عێراقییه‌كان سوودی چی بووه
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" خۆپێشانده‌رانی عێراق له به‌غدا ئه‌م شه‌و ده‌ستیان كردووه به خۆپێشاندانێكی گه‌وره و داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵك خۆڕاگربێت و ساردنه‌بێته‌وه ئه‌گه‌رچی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق به‌هۆی گوشاری ئه‌وان دەستی لەكاركێشایه‌وه به‌ڵام به‌بڕوای ئه‌وان ئه‌وه كۆتایی ئامانجه‌كه‌یان نییه و دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش ده‌كه‌ن و جگه له‌وانه‌یش ده‌یانه‌وێت دادگایی بكرێن هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق.
خۆپێشاندەرانی عێراق سێ مانگ زیاترە لەگۆڕەپانی تەحریری بەغدان، داواکاريیەکان لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێسته گۆڕاوه و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق ده‌كه‌ن.
ئێسته گۆڕەپانەکانی ته‌حریر و كه‌ڕاده و ناوچه‌ی سه‌دڕ و ناوچه‌ی زه‌یوونه بەهەزاران خۆپێشاندەری تێدایە، سەدان دروشم دەگوترێته‌وه و به‌رز ده‌كرێنه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه رۆژانه ته‌رمی قوربانییه‌كان له‌و گۆڕه‌پانه‌وه به درووشمی دژ به ده‌سه‌ڵاتداران به‌ره‌و گۆڕستانه‌كان به‌ڕێ ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پێنجی كانوونی یه‌كه‌م، حازم شوه‌یلی نوێنه‌ری سه‌ره‌كی خۆپێشانده‌رانی عێراق له به‌غدا بۆ "وشه" گوتی، "عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه ئامانجه‌كانمان ته‌واو نه‌بووه و ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌یه‌كجاری دین له ده‌وڵه‌ت جوودا بكه‌ینه‌وه، ئێسته داواكارییه‌كانمان گۆرشاوه و ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش هه‌ڵوه‌شێنه‌وه له‌و داواكارییانه‌شمان پاشگه‌ز نابینه‌وه تاكو ده‌گه‌ینه ئامانجه‌كه‌ی خۆمان.
ئاشكرای كرد، ده‌مانه‌وێت بزانین سه‌رۆكی كۆمار جگه له گه‌شتی و خۆشی خۆی بۆ عێراقییه‌كان سوودی چی بووه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوودی چییه له‌كاتی خۆپێشاندان به‌بیری بێته‌وه سه‌ردانی به‌شه‌ناوخۆیی و ماڵه هه‌ژاره‌كان بكات.
ڕوونی كرده‌وه، ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك هۆز و پیاوماقوڵانی بەغدا بۆ پاڵپشتیكردنی خۆپێشاندەران به چه‌كه‌وه ڕوویان لە گۆڕەپاتی تەحریر كردووه ئێمه له‌و هه‌ڵوێسته ده‌ترسێین و بۆنی خوێن ڕژاندن ده‌گه‌ین له‌نێوان سووپا و لایه‌نگرانی سه‌رۆك هۆزه‌كان بۆیه پێمان خۆشه هه‌مووان بزانن ئه‌وانه نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن نه‌ك ئێمه.