خۆبه‌خشی‌ له‌ كوردستان ڕوو له‌ زیادبوونه‌

:: PM:08:13:05/12/2019 ‌
ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانی‌ خۆبه‌خشانه‌ و له‌ سه‌رانسه‌ری دنیا یاده‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و ڕێز له‌و كه‌سانه‌یش ده‌گیرێت كه‌ به‌ خۆبه‌خش له‌ دامه‌زراوه‌كاندا جێگه‌ ده‌ستیان دیاربووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌ دوای دروستبوونی ته‌نگژه‌ی ئابووری دیارده‌ی خۆبه‌خشی ڕووی له‌ زیادبوون كردووه‌، گوته‌بێژی خۆبه‌خشانی ته‌ندروستیش له‌و ڕۆژه‌دا داوا ده‌كات حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاوڕیان لێ بداته‌وه‌.

شه‌ش هه‌زار خۆبه‌خش له‌ناو ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی خزمه‌ت ده‌كه‌ن
ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار و له‌ ساڵی 1985دا ڕۆژی پێنجی‌ دێسه‌مبه‌ر، وه‌ك ڕۆژی خۆبه‌خشان دیاركرد و وه‌ك نه‌ریتێكی ساڵانه‌یش له‌و ساڵه‌ به‌دواوه‌ ئه‌م یاده‌ له‌ ته‌واوی دنیادا دانرا.

كاری خۆبه‌خشی ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی دنیادا بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ دابوو نه‌ریتی گشتیی.  بوون به‌ خۆبه‌خش له‌ ڕێكخراوێكی ناحكوومی قازانج نه‌ویست ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا، هه‌زاران ڕێكخراو هه‌ن له‌ دنیادا ئه‌ركه‌كانیان له‌ ڕێی خۆبه‌خشانه‌وه‌ ڕاده‌په‌ڕێنن، ئه‌م كاره‌ به‌جۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگاكانی حكوومه‌تیش ڕۆچووه‌ له‌ هه‌ندێكیاندا وه‌ك پێویستی‌ ته‌ماشا ده‌كرێت به‌ تایبه‌ت له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كان دا.

ئێسته‌ كاری خۆبه‌خشی له‌ كوردستان له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و به‌ بێ جیاوازی بڕوانامه‌ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز هه‌مووان هه‌نگاو به‌ره‌و كاری خۆبه‌خشی ده‌نێن و ده‌یانه‌وێت هه‌م جێ ده‌ستی خۆیان دیاری بكه‌ن.

موختار به‌مۆیی گوته‌بێژی خۆبه‌خشانی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ "وشه‌"ی گوت، له‌ دوای ساڵی 2013 كه‌ ته‌نگژه‌ی دارایی دروست بوو، دامه‌زراندن نه‌ما، به‌ڵام كاری خۆبه‌خشی ته‌ندروستی زیادی كرد، له‌ هه‌ولێر و سلێمانی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار خۆبه‌خش له‌ناو ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی خزمه‌ت به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌كه‌ن و ده‌روونی خۆشیان ئارام ده‌كه‌ن، چونكه‌ كاری خۆبه‌خشی ده‌بێته‌ هۆی ده‌روون ئارامی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ به‌شه‌ پزیشكییه‌كان دانه‌مه‌زراون و كاری خۆبه‌خشی ده‌كه‌ین، به‌ڵام هیچ ئیمتیازاتێكمان نییه‌.

خۆبه‌خشه‌كان داوا ده‌كه‌ن كه‌ حكوومه‌ت دایانبمه‌زرێنێت و ده‌ڵێت، گرنگه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕێگه‌ بدات كه‌ ده‌رچووه‌كانی به‌شه‌ پزیشكییه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كاندا كار بكه‌ن تا بارگرانی له‌سه‌ر حكوومه‌ت كه‌م ببێته‌وه‌.

سلێمانی/ ئاریان محه‌مه‌د



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌