تیمێكی زانكۆی پێنسلڤانیا له سنووری شاره‌دێی سیده‌كان /144 كیلۆمه‌تر رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/ خه‌ریكی كاری هه‌ڵكۆڵینن و ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌وارییان دۆزیوه‌ته‌وه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ئامانج له كاركردنی ئه‌و تیمه دۆزینه‌وه‌ی شاره ونبووه‌كه‌ی موساسیر پایته‌ختی ئۆڕارتۆییه‌كانه.
به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیا و گرنگی و ستراتیجیی ناوچه‌كه، ده‌ڤه‌ری سۆران خاوه‌ن مێژوویه‌كی كۆنه و ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واریی گرنگه، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی رێژه‌یه‌كی زۆری ناوچه و پارچه‌ی شوێنه‌واری، كه‌چی هێشتا هیچ مۆزه‌خانه‌یه‌ك له‌م ناوچه‌یه نییه.
"ئه‌گه‌ر هه‌یه موجێسه‌ری ئێسته موساسیری پایته‌ختی ئۆڕارتۆییه‌كان بێت"
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سۆران له‌گه‌ڵ زانكۆی پێنسلڤانیا، گرێبه‌ستێكی پێنج ساڵه‌یان هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شاره ونبووه‌كه‌ی موساسیر كه پایته‌خت و یه‌كێك له هه‌رێمه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئۆڕارتۆیه. له جیۆگرافیای ئاشوور، ئه‌و شوێنه ده‌كه‌وێته گۆشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی وڵاتی ئاشوور و رۆژئاوای رۆینگه‌ی كێله‌شین.
سه‌رچاوه‌كانی مێژوویی دووپات ده‌كه‌نه‌وه، هه‌رێمی موساسیر ده‌كه‌وێته نێوان شاری شنۆ و گه‌لی عه‌لی به‌گ و به‌رزاییه‌كانی چیای سپیلك، وه‌ك شاریش موساسیر بۆ موجێسه‌ری ئێسته ده‌گێڕنه‌وه كه ده‌كه‌وێته نێوان شاره‌دێی سیده‌كان و ده‌ڤه‌ری برادۆست له سنووری شارۆكه‌ی سۆران.
موساسیر یه‌كێكه له شاره هه‌ره گرنگه‌كانی دنیا، به‌ڵام تا ئێسته ونه و نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، مێژوونووسان و شوێنه‌وارناسانی وڵاتان چه‌ندان ساڵه به دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شاره ونه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
موساسیر بۆ ئۆڕارتۆییه‌كان شوێنێكی پیرۆز بووه و شوێنی په‌رستگه‌یان بووه.
عه‌بدولوه‌هاب سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "زۆربه‌ی به‌ڵگه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه موجێسه‌ری سه‌ر به شاره‌دێی سیده‌كان، به‌و پێیه‌ی پاشماوه‌ی ژیانی شانشینی ئۆڕارتۆییه‌كان بووه، له‌و ده‌ڤه‌ره و نزیك ئه‌و گونده و ده‌وروبه‌ری سیده‌كان دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له رووی زمانه‌وانی ناوی گوندی موجێسه‌ر زۆر نزیكه له موساسیر، ئه‌گه‌ری به‌هێز هه‌یه موجێسه‌ری ئێسته، موساسیری كۆن بێت".
سۆران سه‌دان ناوچه‌ی شوێنه‌واریی هه‌یه و تا ئێسته مۆزه‌خانه‌ی لێ نییه
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ده‌ڵێت، "له‌كاتی هه‌ڵكۆڵینه‌كانماندا، پارچه گڵێنه‌ی سه‌رده‌می ئۆڕارتۆییه‌كانمان له‌و شوێنه دۆزییه‌وه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 700 تا 800 ساڵ پێش زاین. جگه له‌مه، ده‌ڤه‌ری سۆران له رووی شوێنه‌وارییه‌وه گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، چه‌ندان پارچه شوێنه‌وار و ناوچه‌ی شوێنه‌واریی گرنگمان هه‌یه".
"به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته مۆزه‌خانه‌یه‌كمان نییه بۆ پاراستن و هه‌ڵگرتن و نمایشكردنی ئه‌و كه‌لوپه‌ل و پارچه شوێنه‌وارییانه‌ی له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ده‌دۆزرێنه‌وه یا پێشتر دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو بۆ شاره‌كانی تری كوردستان هاتوونه‌ته ناردن و له مۆزه‌خانه‌كانی ئه‌وان هه‌ڵگیراون، چه‌ندان جار داوا كراوه مۆزه‌خانه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه دروست بكرێ و ته‌نانه‌ت زه‌ویی تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ره‌زامه‌ندی ده‌رنه‌بڕاوه" سلێمان وای گوت.
به‌و پێیه‌ی شاره‌دێی سیده‌كان ناوچه‌ی گرنگی شوێنه‌واری و كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واریی لێیه، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له هه‌وڵدایه مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به شوێنه‌وار له‌و ده‌ڤه‌ره بكاته‌وه.
دكتۆر زێدان ره‌شید برادۆستی به"وشه"ی راگه‌یاند، له ساڵی 2016وه له هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ك له سه‌نته‌ری ده‌ڤه‌ری برادۆستی سه‌ربه شارۆكه‌ی سۆران، دواین جار شوێنی سیده‌كانیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی وه‌ستا.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان ده‌ڵێت، "به ره‌سمی داواكاریم ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كردووه شوێنی گه‌رماوی سیده‌كان نۆژه‌ن بكرێته‌وه و بكرێ به مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌م ده‌ڤه‌ره، چونكه ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واریی گرنگه و تا ئێسته زیاتر له 100 ناوچه‌ی تۆماركراوی هه‌یه.
له باشووری كوردستان سێ هه‌زار و 125 ناوچه‌ی شوێنه‌واریی تۆمار كراون، ته‌نیا له ده‌ڤه‌ری سۆران كه خاوه‌نی چوار شارۆكه‌ی سۆران، مێرگه‌سۆر، رواندز و چۆمان، 900 ناوچه‌ی شوێنه‌واریی هه‌ن و به‌شێكیان مێژووه‌كه‌یان بۆ 30 هه‌زار ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
فازڵ هاودیانی شاره‌زا له بواری شوێنه‌وار و مێژوو، به"وشه"ی راگه‌یاند، "نه‌بوونی مۆزه‌خانه هۆكارێكه بۆ له ناوچوونی كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واره مێژوویی و ده‌ستنووسه‌كان، ئه‌مه وای كردووه چه‌ندان به‌ڵگه‌ی شوێنه‌واری له‌ناو بچن و كڕین و فرۆشتنیان پێ بكرێت.
به‌گوته‌ی ئه‌و شاره‌زایه، ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌وڵه‌مه‌نده به چه‌ندان ناوچه‌ی شوێنه‌واریی گرنگ كه مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاخه‌كانی به‌ردینی كۆن و ناوه‌ڕاست و نوێ، چونكه له كۆنه‌وه ژیان له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بووه.
ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێ، حكوومه‌ت هه‌وڵ بدات بۆ دروستكردن و كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ك له سه‌نته‌ری سۆران، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ته‌واوی كه‌لوپه‌له مێژوویی و شوێنه‌وارییه‌كان، هاوكات ئاشناكردنی خه‌ڵك به مێژوو و كولتووری شوێنه‌واری و پاراستنیان، چونكه له ته‌واوی دنیادا شوێنه‌واره‌كان ناسنامه و هێمای نه‌ته‌وه‌ن.
وشه/ سۆران - مورشید برادۆستی