ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مره‌یكی له زاری به‌رپرسانی هه‌واڵگری و سوپای ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كرده‌وه، كه تاران ئاڵۆزی و خۆپێشاندانه‌كانی عێراقی قۆستووه‌ته‌وه، خه‌ریكی دروستكردنی سه‌كۆ و دانانی بنكه‌ی نهێنی سه‌ربازییه بۆ هه‌ڵدانی مووشه‌كی بالیستیكی كورت مه‌ودا له ناوچه جیا جیاكانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی گه‌وره‌تر بن بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، زانیاری هه‌واڵگری ورد گه‌یشتوونه‌ته ده‌ستی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، كه ئێران خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی مووشه‌كی بالیستیكه بۆ عێراق، حكوومه‌تی تره‌مپش ده‌سته‌وه‌ستانه و هیچ هه‌نگاوێكی بۆ دژایه‌تی تاران نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره مه‌ترسیداره، هه‌رچه‌نده ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاوی كرده‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا 14 هه‌زار سه‌ربازی تر ڕه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه له لایه‌ن پنتاگۆن و كۆشكی سپی ڕه‌ت كرایه‌وه.
عێراق وه‌ك سه‌كۆیه‌ك بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌كارده‌هێنێت
به‌رپرسێكی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا له عێراق به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه ئه‌و مووشه‌كانه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه، به تایبه‌ت سعوودیه و ئیسرائیل كه دوو هاوپه‌یمانی ستراتیجی ئه‌مه‌ریكان.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌فسه‌رانی سوپای ئه‌مه‌ریكا پشتڕاستی ئه‌و زانیاریانه‌یان كردووه‌ته‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه تاران ده‌یه‌وێ شه‌ڕی شاراوه و سێبه‌ر له ناوچه‌كه دروست بكات و عێراق بكاته سه‌كۆیه‌ك بۆ تێكدانی دۆخی ناوچه‌كه و ئه‌نجامدانی هێرشی بۆ سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.