لەسەر "ژن بەتەنیا لەگەڵ تاكسی نەبێت" وەڵامی توندی ئەنجوومەنی فەتوا دەدرێتەوە

:: PM:03:43:07/12/2019 ‌

توێژەكانی كۆمەڵگا و لایەنە پێوەندارەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو فەتوایەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە دەنگ هاتوون كە ڕای گەیاندبوو "نابێت ژن بە تەنیا لەگەڵ تاكسی سەربكەوێ‌".

لەدوای دەرچوونی ئەو فەتوایە گومانی خراپ لەسەر شۆفێرانی تاكسی دروست بووە

پشدەر ئەحمەد شوفێرێكی تاكسییە ڕۆژانە لەبەردەم بازاڕی قەیسەری هەولێر دەوەستێت، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی ئەو فەتوایە كارەكەی كەمی كردووە و وەك خۆی دەڵێت، لەدوای دەرچوونی ئەو فەتوایە گومانی خراپ لەسەر شۆفێرانی تاكسی دروست بووە.
 بۆ "وشەی" گوتی، بە هۆی ئەو فەتوایە متمانە لە نێوان سەرنشینی ژنان و شوفێری تاكسی نامێنێت.

لای خۆیەوە ناسكە سەعید بەرێوبەری راگەیاندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ "وشە" رای گەیاند، راستە حاڵەت رووی داوە، بەڵام ئەوە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكانی ژنە، هەروەها ئەو فەتوایە وا لە دایك و باوكان دەكات بە  بەردەوام چاودێری كچەكانییان بكەن، بۆیە باشتر وایە لە كاتی روودانی حاڵەتەكان ئەو جۆرە فەتوایانە دەربكرێت، نەك كە هیچ باسێك لەسەر ئەوە نییە.

ئه‌و فەتوایانە له‌ بڕیاره‌كانی ڕێكخراوی تیرۆرستی "داعش" دەچێت كە كاتی خۆی دەری دەكرد


ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان سەر بە یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانە، یەكێتی زانایان قسەی خۆیان لەوبارەیەوە هەیە.

مەلا جەلال خەیلانی جێگیری سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بە "وشە" ی گوت، ئەو ئەنجوومەنە سەر بە ئێمەیە، بەڵام لە كارەكانی سەربەخۆی ناگەڕێتەوە بۆ یەكێتی زانایان.

 ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەی ئەنجوومەنی فەتوا كردوویەتی فەتوا نییە و ڕێنوێی و روونكردنەوەیە، چونكە ڕۆژانە خەڵك سەردانی ئەو ئەنجوومەنە دەكات لەسەر ئەو پرسە.

 لە رێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی فەتوا هاتووە، دەرچوونی ژن لەگەڵ مەحرەمی خۆی هەر كاتێك و بۆ هەر جێگایەك بێت دروستە و راست وایە وا بێت.

هاوكات رێزان شیخ دلێر پارێزەر و چالاكی مەدەنی بۆ "وشە"  ئەوەی خستەڕوو، دەمانەوێت پرسی جێدەری لە هەرێمی كوردستان پەرە پێبدەین، تازە ئەنجوومەنی باڵای فتوا دێت دەڵێت چی حەڵالە و حەرامە ئەو فەتوایە زۆر خراپە.

ڕوونیشی كردەوە كە پێش ژنان دەبوایە پیاوان هەڵوێستیان هەبوایە، چونكە ئەوە سووكایەتی پێكردنە بە پیاوان خۆیان، بۆیە دەركردنی ئەو بڕیار و فەتوایانە لەلایەن ئەو ئەنجوومەنە لە بریارەكانی ڕێكخراوە تیرۆرستی "داعش" دەچێت كە كاتی خۆی ئەو ڕێكخراوە دەری دەكرد.




وشە - زریان تەها