هاوكاتی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی تر، ژمارەی قوربانیانیش زیاتر دەبن. بەگوێرەی زانیارییەكان لە بەغدا و شارەكانی باشوور 25 خۆپێشاندەر كوژران و 130ـی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، ئاماری قوربانییەكانی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان لە شارەكانی باشوور و بەغدا بڵاو كرایەوە، لە كۆی گشتییدا 25 خۆپێشاندەر كوژران و 130ـی تریش بریندار بوون.
دوێنێ هەینی، هێزێكی چەكداری نەناسراو لە گۆڕەپانی خەلانی و پردی سنك لە بەغدا، تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە، شایەتحاڵێكیش دەڵێ، چەكدارانی سەر بە ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە بەغدا تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی خەلانی و پردی سنك كردووە.
لە دوو مانگدا.. ژمارەی كوژراوان گەیشتە 400 و 20 هەزار خۆپێشاندەریش بریندارن
سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا دەڵێ، ئەوەی لە گۆڕەپانی خەلانی و پردی سنك روویاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خۆپێشاندەران دەستیان گرتووە بەسەر ناوچەیەك كە هێزە تەناهییەكانی لێ نەبووە تا ئەوان بپارێزێت.
كوژرانی 25 خۆپێشاندەر و برینداربوونی 130ـی تر، بە خوێناویترین رۆژی خۆپێشاندانەكان لە عێراق دادەنرێت كە لە یەكی ئۆكتۆبەری رابردوو دەستی پێكردووە و تا ئێستەش بەردەوامی هەیە.
لە ماوەی دوو مانگ و نزیكەی 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 400 كەس كوژراون كە زۆرینەیان خۆپێشاندەرن و هاوكات نزیكەی 20 هەزاری تریش بریندار بوون.