سەرچاوەیەك: ئەو فڕۆكەی ماڵی سەدری كردە ئامانج ئەمەریكی بووە

:: PM:06:06:07/12/2019 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو ماڵی سەدر لە ناوچەی حەنانە لە پارێزگای نەجەف كرایە ئامانجی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، سەرچاوەیەك لەناو هاوپەیمانی "سائیروون" دووپاتی كردەوە، كە بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی فڕۆكەكە ئەمەریكی بووە.
هێزە شیعەكانی سەر بە ئێران شەڕی مانەوەیان دەكەن
سەرچاوەكە زیاتر گوتی، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی ئەو فڕۆكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو دەوروبەری ماڵی موقتەدا سەدری لە نەجەف كردووەتەوە ئامانج، ئەمەریكی بووە و بەوەش واشنتن لەو رێگایەوە هەوڵی تۆمەتباركردنی لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆیی دەدات بۆ راكێشانی شەقام بۆ جەنگێكی ناوخۆیی. 

زیاتر گوتی، مەبەست لەو دەستدرێژییەی ئەمەریكا دروستكردنی بەریەككەوتنی سەدر و رەوتەكانی ترە بۆ دروستبوونی پشێوی لە وڵات و بەرپاكردنی جەنگی ناوخۆیی، روونی كردەوە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بە زووترین كات دەردەكەون بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی حكوومەتی لەبەرانبەریان.

ئەمڕۆ دوای هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ماڵی سەدر لە نەجەف و ئەو كوشتارگەی دوێنێ میلیشیاكان لە گۆڕەپانی خلانی و شەقامی سنەك لە بەغدا دروستیان كرد و ژمارەیەك خۆپێشاندەریان كوشت و بریندار كرد، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە سەر بە رەوتی سەدرە، داوای كرد دووشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی ساز بكات و ئەو دوو بابەتە تاوتوێ بكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل