ڕه‌شا محه‌مه‌د كچه شێوه‌كارێكی هونه‌ری گرافیكه، له‌دایكبووی زاخۆیه و هاوسه‌رگیریی كردووه و بووه‌ته خاوه‌نی منداڵێك و نیشته‌جێی شارۆكه‌ی زاخۆن، ناوبانگێكی باشی له كوردستان به هونه‌ره‌كه‌ی په‌یدا كردووه و تا ئێسته چه‌ندان پێشانگای كردووه‌ته‌وه، تابلۆكانیشی له مۆزه‌خانه‌كاندا نمایش ده‌كرێن.
له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا ڕه‌شا به "
وشه"ی ڕاگه‌یاند:
هونه‌ری گرافیك یه‌كێكه له هونه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دنیا و گرنگیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته له هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی ئه‌وتوی نه‌بووه و نه‌بووه‌ته هۆیه‌ك بۆ سه‌رچاوه‌ی داهاتی هونه‌رمه‌ندان
ڕه‌شا له ساڵی 2005 هاتووه‌ته ناو دنیای هونه‌ری گرافیك، له ماوه‌ی ڕابردوودا دوو پێشانگای له دهۆك و یه‌كێكیشی له باكوری كوردستان كردووه‌ته‌وه، به گوته‌ی خۆی، تابلۆكانی له چه‌ندان پێشانگا و مۆزه‌خانه‌ی جیهانیی نمایش كراون.
له‌باره‌ی هونه‌ری گرافیك ڕه‌شا گوتی، ئه‌م هونه‌ره له نه‌خشاندن و چاپكردنی تابلۆی شێوه‌كاری پێك هاتووه، جیاوازه له تابلۆی زه‌یتی یاخۆ ئاوی چونكه چاپكردنی زۆر ئه‌سته‌مه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چاپیش بكرێت وه‌ك خۆی چاپ ناكرێته‌وه، بۆیه تێگه‌یشتنی خه‌ڵك بۆ هونه‌ری گرافیك نه‌گۆڕاوه و كه‌متر گرنگی به‌و جۆره هونه‌ره ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت له كاتی كردنه‌وه‌ی پێشانگا ئاماده نابن، به‌ڵكو ته‌نیا هونه‌رمه‌ندان و كه‌سه نزیكه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئاماده ده‌بن.
زیاتر گوتی، خه‌ڵك تابلۆی گرافیك ناكڕن، ئه‌وه‌ی تا ئێسته تابلۆی گرافیكی كڕیوه هونه‌رمه‌ندێكی تری گرافیك بووه، یان شوێنێكی گشتییان كڕیوه، بۆیه پێویسته له ناوه‌نده‌كانی خوێندن گرنگی به‌و جۆره هونه‌ره بدرێت و منداڵان فێر بكرێن كه گرافیك به‌شێكی گرنگی هونه‌ر و ژیانی مرۆڤه.
"تا ئێسته هونه‌ری گرافیك بۆ من نه‌بووه هوكارێك پێی بژیم، بۆیه له‌لای به‌شێك له هونه‌رمه‌ندانیش گرافیك نه‌بووه‌ته پیشه، ئێسته من ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی تر ده‌كه‌م له وڵاتی ئوكرانیا، كه به ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه من و سێ كچی تر و دوو كوڕ به‌شداری ده‌كه‌ین." ڕه‌شا وای گوت.
زاخۆ/ نه‌وزاد هلۆری