سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئاشكرای دەكات، 20 ڕۆژی تر تەواوی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەكرێتەوە وەك بازنەیەك بە دەوری هەولێر دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، سەرتیپ جەوهەر سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە كۆمپانیای هێمن گرووپ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كارەكانی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بەخێرایی تەواو دەبن و ئێستە قیرتاویش كراوە و تەنیا ڕووپێوی ئەندازەیی و كارەبای ماوە.
لە ماوەی 20 ڕۆژی تر هەموو كارەكانی تەواو دەبێت
سەرپەرشتایاری شەقامی 120 مەتری گوتی، ئەگەر كەشوهەوا ڕێ بدات، ئەوا لە ماوەی 20 ڕۆژی تر هەموو كارەكانی تەواو دەبێت و شەقامەكە بە تەواوەتی دەكرێتەوە و هەموو بەشەكان بەیەكەوە دەبەسترێتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی دەمێنێتەوە لە بەشی چوارەمی شەقامەكە بریتی دەبێت لە دوو شەقامی خزمهتگوزاری لە لاكانی كە كاركردنی بۆ مانگێك دوای ساڵی نوێ پێویستە، كاركردن لەوێش بەردەوامی هەیە و هەموو هەوڵێك دەدەین تەواو بێت.
شەقامی 120 مەتریی هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكانی شاری هەولێر، ئێستە سێبەشی تەواو بووە و بەشی چوارەمی بەرەو تەواو بوون دەچێت، بەشی چوارەم و كۆتایی لەلایەن كۆمپانیایەكی توركی سەرپەرشتی دەكرا، كارەكانی لە نیوە جێهێڵراوە و لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپ وەرگیرا بۆ تەواوكردنی.