دارایی پەرلەمانی عێراق: بەمنزیكانە پڕۆژەی بودجە دەگاتە پەرلەمان

:: PM:03:52:08/12/2019 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر لەبارەی بوونی دەسەڵاتی حكوومەتی ئێستەی كاربەڕێكاری عێراق بۆ رەوانەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق بۆ پەرلەمان بەمەبەستی تاوتوێكردن و تێپەڕاندنی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەمنزیكانە پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت. 
هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر تێپەڕاندنی بودجەی عێراق
بودجەی 2020ی عێراق كە بەگوتەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكاری عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە كراوە، بەڵام بەهۆی نەمانی دەسەڵاتیان وەك حكوومەتێكی تەواو ناتوانن رەوانەی پەرلەمانی بكەن، ئەو بودجەی دەبوایە لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی رابردوو رەوانەی پەرلەمان بكرایە، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانەكانی عێراق كە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە رەوانە نەكراوە و دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانیش، حكوومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە.

رەعد حوسێن ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە گوتی، لیژنەكەمان لەلایەن حكوومەتەوە ئاماژەی بۆ هاتووە بەوەی بەمنزیكانە پڕۆژە یاسای بەدجەی 2020ی عێراق بۆ رەوانە دەكات.

زیاتر گوتی، لیژنەكەمان هەموو ئامادەسازییەكانی بۆ تاوتوێكردنی بڕگە و مادەكانی ئەو پڕۆژە یاسایە تەواو كردووە و بڕیارە لە ماوەیەكی كورت دوای گەیشتنی كارەكان تەواو بكات بەمەبەستی خستنەڕووی بۆ دەنگدان لەناو پەرەلمان، پێشبینی كرد كە پەسندكردنی بودجە بكەوێتە سەرەتای ساڵی نوێ.
دوێنێ شەموو بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە كە رەوانەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق لە حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان كارێكی یاساییە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ ژمارە شەش ی ساڵی 2019، ئەگەر حكوومەتەكە كاربەڕێكاریش بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل