ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى رژێمى سووریا ئاشكراى ده‌كات دوێنێ نوێنه‌رانى رژێم له‌گه‌ڵ شاندى لایه‌نه كوردییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه و دوو پێشنیازیان به یه‌كتر داوه، لایه‌نى كوردى پێشنیازى خۆڕێبه‌رى بۆ رژێم كردووه، له به‌رانبه‌ردا رژێمى سووریا پێشنیازى ئه‌نجوومه‌نى خۆجێیان بۆ كورده‌كان كردووه.
رۆژنامه‌ى "وه‌ته‌ن" كه له رژێمى سووریا نزیكه، له هه‌واڵێكدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ناوه‌ڕۆكى ئه‌و دانوستاندنه‌ى ئاشكرا كردووه كه له نێوان هێزه كوردییه‌كان و رژێمى سووریا به‌ڕێوه ده‌چێت. له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، هه‌ر دوو لا پڕۆژه‌یه‌یان بۆ چاره‌سه‌رى ناوچه كوردییه‌كان به یه‌كتریی داوه و هێشتا هیچ یه‌كێكیان قبووڵى پڕۆژه‌ى ئه‌وی تریان نه‌كردووه.
رژێمى ئه‌سه‌د پێشنیار ئه‌نجوومه‌نى خۆجێى بۆ كورد ده‌كات
نه‌واف مولحیم ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى گه‌ل "په‌رله‌مان"ى رژێمى سووریا و سكرتێرى گشتیى پارتیی گه‌ل كه یه‌كێك له‌و حزبانه‌ى له‌لایه‌ن رژێمى ئه‌سه‌ده‌وه رێگه‌ى پێ دراوه، له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى "وه‌ته‌ن" زانیارییه‌كانى ئاشكرا كردووه و گوتوویه‌تى "شاندێكى دیمه‌شق كه له چه‌ند لایه‌ن و حزبێك پێكهاتووه، پرۆژه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆجێى داوه‌ته حزبه‌كانى باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا، كه له ده‌ستوورى سوورى ساڵى 2012 هاتووه، بۆئه‌وه‌ى ئه‌م ناوچانه به‌و پرۆژه‌یه به‌ڕێوه بچێت". مولحیم روونى ده‌كاته‌وه ئه‌و لایه‌نانه پرۆژه‌كه‌یان ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه و له هه‌مان كاتیش ره‌زامه‌ندیان نیشان نه‌داوه.
دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر سێرگى لاڤرۆڤى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا ره‌خنه‌ى له هێزه كوردییه‌كانى رۆژئاواى كوردستان گرت، گوایه دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزێكى ئه‌مه‌ریكى بۆ ناوچه‌كه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ رووسیا گۆڕاوه و لاڤرۆڤ دووپاتى كرده‌وه، كاتێك توركیا هێرشى كردووه‌ته سه‌ر ناوچه كوردییه‌كان، له نۆى ئۆكتۆبه‌رى ئه‌مساڵ، هێزه كوردییه‌كان پێوه ندییان به مۆسكۆ كردووه و داوایان كردووه مۆسكۆ كارئاسانیی بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ دیمه‌شق گفتوگۆ بكه‌ن، كه‌چى ئێسته خۆیان له گفتوگۆ دوور ده‌خه‌نه‌وه.
ئه‌م جۆره لێدوانه‌ى لاڤرۆڤ هێزه كوردییه‌كانى رۆژئاواى كوردستانى توڕه كرد و له وه‌ڵامێكدا كه به ناوى فه‌رمانگه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر بڵاوكرایه‌وه، دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه دیمه‌شق له گفتوگۆكردن رۆشن نییه و هه‌وڵى رژدى بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ كورد نییه، كه‌چى ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى "وه‌ته‌ن" هه‌ندێك له زانیارییه‌كان ئاشكرا ده‌كات، ده‌ڵێ دوێنێ شاندى رژێمى ئه‌سه‌د و شاندى هێزه كوردییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه.
رژێمى ئه‌سه‌د و هێزه كوردییه‌كان پڕۆژه‌یان به یه‌كتر داوه
نه‌واف مولحیم، به رۆژنامه‌ى
وه‌ته‌ن ده‌ڵێ شاندى دیمه‌شق پێكهاتبوو له فه‌یسه‌ڵ عه‌زووز رێكخه‌رى گفتوگۆى نیشتمانى له حزبى به‌عسى ده‌سه‌ڵاتدار، محه‌مه‌د ئه‌بوقاسم سه‌رۆكى حزبى ته‌زاموون، تارق ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى حزبى سوورى قه‌ومی و چه‌ندان كه‌سى تر.
روونیشى ده‌كاته‌وه كۆبوونه‌وه‌كه دوێنێ له قامشلۆ به‌ڕێوه‌چووه و شاندى خۆرئاواى كوردستانیش له ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكى په‌یه‌ده و جۆزیف لهحدۆى ئه‌ندامى پارتى یه‌كێتى سریانى و محه‌مه‌د مو‌سا سه‌رۆكى بارتى چه‌ى كوردى و چه‌ندان كه‌سى تر پێك هاتبوو كه جگه له كورد نوێنه‌رایه‌تى عه‌ره‌ب و سریانییهكانیان ده‌كرد.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى رژێمى ئه‌سه‌د له لێدوانه‌كه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى وه‌ته‌ن ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌مه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى نێوان شاندى رۆژئاوا و رژێمى ئه‌سه‌د نییه، به‌ڵكو چه‌ندان دیدارى هاوئاهه‌نگى پێشتر له نێوانیان رووى داوه، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌كانى رۆژئاوا نه‌واف مولحیم ده‌ڵێ ئه‌وان دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه ئه‌وان وه‌ك هه‌ر سوورییهكى تر ئه‌رك و مافیان هه‌یه و ئه‌وان جوداخواز نیین و به‌ڵكو سنوورى سووریا ده‌پارێزن و باكورى رۆژهه‌ڵاتیان له تیرۆر پاككردووه‌ته‌وه و قوربانیان داوه".
له لێدوانه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت هیچ لایه‌نێكى دانوستاندنه‌كه قسه‌ى كۆتاییان نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كه‌یان پڕۆژه‌ی خۆیان پێشكه‌ش كردووه، لایه‌نه‌كانى رۆژئاوا پرۆژه‌ى خۆڕێبهریان پێشكه‌ش كردووه، لایه‌نه‌كانى رژێمیش پڕۆژه‌ى ئه‌نجوومه‌نى خۆجێییان پێشنیار كردووه. نه‌واف مولحیم روونى ده‌كاته‌وه پرۆگرامیان ئه‌وه‌یه سه‌ره‌تا تاوتوێى خاڵه ئه‌رێنییه‌كانى هه‌ردوو پرۆژه بكه‌ن دواتریش ره‌شنووسێك ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى سووریاى بده‌ن.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى هه‌ردوو لایه‌نى دانوستكاریش ده‌ڵێ هیچ لایه‌نێك پرۆژه‌ى ئه‌ویترى قبوڵ نه‌كردووه و هه‌روه‌ها ره‌تیشى نه‌كردووه‌ته‌وه ئه‌وان ئاماده‌ییان نیشانداوه له‌سه‌ر ته‌واوى ورده‌كارییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ین.
له دوو ساڵى رابردوودا چه‌ندان جار باس له دانوستاندنى هێزه كوردییه‌كان و رژێمى ئه‌سه‌د كراوه، به‌ڵام هیچ جارێك ئه‌نجامى نه‌بووه، دواجاریش كاتێك توركیا له نۆى مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو هێرشى كرده سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، رۆژى 22ى هه‌مان مانگ توركیا و رووسیا رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام دا، به‌گوێره‌ى بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه به‌شێك له هێزه‌كانى ئه‌سه‌د بۆ ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له هه‌مان كاتیش گفتوگۆ له نێوان هێزه كوردییه‌كان ورژێمى ئه‌سه‌د ده‌ست پێ ده‌كات.