بەپێی راپرسییەك لە كوردستان خوێندنەوەی كتێبە ئاینییەكان پێشەنگن

:: AM:11:10:09/12/2019 ‌
بەپێی راپرسییەك لەسەر خوێندنەوەی كتێب، خوێنەر و فرۆشی كتێبە ئاینییەكان لە كوردستان لە پێشەوەی هەموو كتێبەكانن، زۆرینەی خەڵكیش كتێبخانەیان لە ماڵەكانیان نییە، زۆرینەش پێیان وایە بۆ بە كولتووركردنی خوێندنەوە پێویستە بخرێتە پرۆگرامی خوێندن.

دوێنێ یەكشەم حەوتی كانوونی یەكەم، كۆتایی بە 10 رۆژەی راپرسی كتێب خوێندنەوە هات كە رێكخراوی خوێنەر لە دووتوێی چەند پرسیارێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەنجامی دابوو.

لەو 10 رۆژەدا، هەزار كەس بەشدارییان لە راپرسییەكە كردووە كە لەو 932 كەسەی وەڵامی رەگەزیان داوەتەوە، رێژەی 47.1ـیان لە رەگەزی مێ بوون، بە گشتی ئەوانەی بەشدارییان كردووە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 45 ساڵی بووە كە رێژەی 32.1ـی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 24 ساڵی بووە.

68.2%ـیان كتێبخانەیان لە ماڵەكانیاندا هەیە و 12%ـیان ئارەزوویانە، بەڵام پاساوی نەبوونی شوێنیان هەیە


سەرجەمی بەشدارانی راپرسییەكە خەڵكی هەولێر 44.4% و سلێمانی 39.1% بووە، خەڵكی شارەكانی تر بەشدارییان لە راپرسییەكە نەكردووە، ئەوانەیشی بەشدارییان كردووە 37.3%ـیان ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە و زۆرینەش كە 62.4% بووە، سەڵت بوون.

لە وەڵامی پرسیاری پێنجەمی راپرسییەكەدا لەبارەی خوێندنەوەی كتێب كە 936ـیان وەڵامیان داوەتەوە، رێژەی 74.4 بە بەڵێ، 24.1% بە دەخوێنمەوە بە كەمی، وەڵامیان داوەتەوە، لەوانەیشی كتێب دەخوێننەوە 32.6%ـی لە ساڵێكدا یەك بۆ پێنج كتێب دەخوێننەوە، 15%ـیان پێنج بۆ 10 كتێب، رێژەی 11.6%ـیان 10 بۆ 15، رێژەی 11.1%ـیان 15 بۆ 20 كتێب، رێژەی 6.1%ـیان 20 بۆ 30 كتێب لە ساڵێكدا دەخوێننەوە، بەمەش دەردەكەوێت خوێنەری كتێب لە تەمەنی 15 بۆ 45 ساڵیدا، لە ساڵێكدا دەتوانین بڵێین 10 بۆ 15 كتێبە كە ئەمەش بەپێی ستانداردی جیهانی ئاستەكەی زۆر نزمە، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاستەكەی باشە.

لەگەڵ ئەوەی بەپێی راپرسییەكە خەڵك بە گشتی كتێب دەخوێننەوە، بەڵام 68.2%ـیان كتێبخانەیان لە ماڵەكانیاندا هەیە و 12%ـیان ئارەزوویانە، بەڵام پاساوی نەبوونی شوێنیان هەیە.

خوێندنەوەی كتێب بە گشتی سوودی هەیە لە بەرزكردنەوەی توانا و گەشەپێدانی مرۆیی لە بوارە جیاوازەكاندا، 927 كەس لەوانەی بەشداریی راپرسییەكەیان كردووە، لە وەڵامی ئەوەی خوێندنەوەی كتێب گەیاندوونی بە ئامانجەكانیان، ئەوا 51.7%ـیان بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە و 8.4%ـیان بە نەخێر و 37%ـیان دەڵێن تا ئاستێك.

خوێنەری كتێبی ئاینی بەگوێرەی راپرسییەكە لە پلەی یەكەم دێت، لە كۆی 919 بەشداری راپرسییەكە لە وەڵامی ئەوەی چ جۆرە كتێبێك دەخوێنیتەوەڤ 20.5%ـی ئاینی، 15.7%ـی ئەدەبی، 13.7%ـی دەروونزانی و 7.2%ـی فەلسەفی، كتێبەكانی تریش بە گشتی 21.3%ـی پانتایی خوێندنەوەی لە كوردستان داگیر كردووە. 

لەگەڵ ئەوەی خوێنەری كتێبی ئاینی زۆرترینە، بەشدارانی راپرسییەكە پێیان وایە لە كوردستان خوێنەری كتێبی ئاینی زۆرترینە، كاتێك 38.2%ـی بەشدارانی راپرسیەكە كتێبی ئاینییان هەڵبژاردووە، دوای ئەویش بە رێژەی 20% كتێبی ئەدەبی، 6.6% سیاسی، دەروونزانی11.1%، ئەوانی تریش بە رێژەی 11.5% خوێنەریان هەیە. 

78.1%ـی 931 كەسی بەشداری راپرسییەكە پێیان وایە كوردستان بە خوێندنەوەی كتێب پێش دەكەوێت، لە بەرانبەریشدا تەنیا 8.2 پێیان وایە پێش ناكەوێت و 11.2%ـیش دەنگی خۆڵەمێشییە و دەڵێن نازانین.

49%ـی بەشداری راپرسییەكە پێیان وایە خوێندنەوەی كتێب لە كوردستان كەمە، لەو 938 كەسەی وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە، كەسیان نەیانگوتووە زۆر باشە، بەڵكو رێژەی باشە 26.9 و زۆر كەمە 2.1%ـیەكە.

لە وەڵامی پرسیاری 15ـیەمی راپرسییەكەدا لەبارەی ئەوەی چۆن خوێندنەوە لە كۆمەڵگەی كوردستانی بكرێت بە كولتوور، زۆرینە كە 30.3%ـیە پێیان وایە بخرێتە بەر پرۆگرامی خوێندن، بەڵام 9.1%ـیان پێیان وایە بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەر لە دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی كتێب بێت، بەڵام كەسیان بە راستەوخۆ لەگەڵ ئەوەدا نین پاڵپشتی نووسەران و دەزگاكانی چاپ بكرێ كە ئەوان بەرهەمهێنی كتێبن، لەگەڵ ئەوەشدا 48.3%ـیان لەگەڵ هەر چوار بژاردەكەدان.

ئەگەرچی ساڵانە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش پێشانگای كتێب دەكرێتەوە، ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەكە كردووە 20.9%ـیان سەردانی پێشانگای كتێبیان نەكردووە، بەڵام ئەوانەی خەڵكی هەولێرن و بەشداری راپرسییەكەیان كردووە، 53.3%ـیان دەڵێن سەردانی پێشانگای كتێبیان كردووە و ئەوانەیشی سلێمانی 19.7ـیان دەڵێن بەشداری پێشانگای كتێبیان كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق