حەوت مانگ بەسەر کوشتنی "بیلال عبدولرەحمان" تێ دەپەڕێت و کەیسی کوشتنەکەی یەکلا نەکراوەتەوە، لە نێوان کوشتنی لە پێناوی پارە وەک خێزانەکەی باسی دەکەن، یا لە پێناوی شەرەف وەک بکوژەکە لە دادگا ئاماژەی پێ کردووە.
سبەی سێشەم 10ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر، چوارەمین دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی کوشتنی بیلال بەڕیوە دەچێت کە لە ڕۆژی 11 نیسانی ئهمساڵ 2019 لە نزیک تێرمیناڵی هەولێر لەلایەن نزیکترین هاوڕێیەوە کوژرا، تا ئێسته سێ جار دادگا بۆ دەرکردنی دوایین بڕیار لەبارەی کەیسەکەوە دانیشتی كردووه، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی شایەتحاڵەکانەوە، دانیشتنەکە چەند جارێك دوادەخراوە.
عەبدولرەحمان بابە ئیسماعیل، باوکی بیلال، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی خێزانی یەکەمی "عەدنان" بکوژی کوڕهکەیان کە شایەتحاڵی یەکەمە بەو پێیەی عەدنانی هاوسەری تۆمەتی ئەوەی خستووهتە پاڵ کە پێوەیدنی لەگەڵ بیلالدا هەبووە، ئەو ژنەش لە ددانپێدانانی یەکەمیدا گوتوویهتی هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ کوژراوەکەدا نەبووە، بەڵام لە دوای ددانپێدانانی یەکەم، لە هیچ دانیشتنێکی دادگادا ئامادە نەبووە، بۆ ئەوەی شایەتی لە دژی هاوسەرەکەی بدات، بۆیە دانیشتنەکانی دادگا دواخراون و تا ئێستا بڕیار لەسەر بکوژەکە نەدراوە.
ئەوان بەهەموو شێوەیەک ڕێکكەوتن لەگەڵ ماڵی بکوژی کوڕەکەیان ڕەت دەکەنەوە
باوکی بیلال ڕای گەیاند کە ئەوان بەهەموو شێوەیەک ڕێکكەوتن لەگەڵ ماڵی بکوژی کوڕەکەیان ڕەت دەکەنەوە، چاوەڕوانی ئەوەن سبەی لە دانیشتنی دادگادا شایەتحاڵەکان ئاماددە ببن، دووپات لەوە دەکەنەوە کە دەبیت تاوانبار بەسزای خۆی بگات، چونکە جگە لەوەی کوڕەکەیانی بەبێ تاوانی کوشتووە، تۆمەتی شەرەفیشی خستووهتە پاڵێ، هەروەها داوا دەکەن چیتر دانیشتنەکان دوانەخرێن، لە کاتێکدا بکوژەکە لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا گوتوویەتی "بیلالی کوشتووە و پەشیمانیش نییە لە کوشتنی ئەگەر زیندوش بێتەوە دەیکوژێتەوە".
ڕۆژی 11ی نیسانی ئەمساڵ 2019 لە نزیك تێرمیناڵی هەولێر تەرمی بیلال عەبدولڕەحمان تەمەن 28 ساڵ بە كوژراوی دۆزرایەوە كە لەلایەن هاوڕێیەكی نزیکیەوە بە پلان كوژرابوو.
خێزانەكەی دەڵێت "نزیكەی 10 هەزار دۆلار "یەك دەفتەر"ی پێشتر داوە بەو هاوڕێیەی تا کاری پێبکات، بەڵام نەیداوەتەوە و کوشتویەتی.
"عەدنان" کە بهگوێرهی ددان پێدانانی خۆی، بکوژەکەیە، لە لێكۆڵینهوهدا گوتویهتی "لەبەرئەوە کوشتم چونکە پەیویەندی لەگەڵ ژنە 46 ساڵەکەم هەبووە. بهڵام "شاناز ئەحمەد" هاوسەری بیلال ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت "بیلال هەر بە دایکە بانگی ئەو ژنەی کردووە".