به‌ر له‌وه‌ى حزبه‌كانیان به فه‌رمى رایبگه‌ینن و ده‌ست به ڕكابه‌ریى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ن، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا هێرشى كرده سه‌ر ئه‌حمه‌د داودئۆغڵوى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى توركیا و عه‌لى باباجان وه‌زیرى ئابووریى پێشوو، به گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبارى كردن.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا باس له شه‌ڕێكى راگه‌یاندنى نوێ ده‌كات كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له دژى ركابه‌ره نوێیه‌كانى ده‌ستى پێ كردووه كه پێشتر هاوڕێ و هاوكارى بوون له سیاسه‌تدا. له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه هاتووه "له‌وه ده‌چێ سه‌رۆكى توركیا به‌ر له‌و گێژه‌لووكه‌یه كه‌وتووه و ده‌ستى كردووه به تۆمه‌تباركردنى هاوپه‌یمانه كۆنه‌كانى به فێڵكردن، ئه‌مه‌یش هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ى رێ‌یان لێ بگرێت تا حزبه ئیسلامییه‌كه كه به داد و گه‌شه‌پێدان ناسراوه له ده‌سه‌ڵات دوور نه‌خه‌نه‌وه".
داود ئۆغڵو داوا له ئه‌ردۆغان و خێزانه‌كه‌ى ده‌كات سامانى خۆیان ئاشكرا بكه‌ن
سه‌رۆكى توركیا هه‌ر یه‌كه له ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو و عه‌لى باباجان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات گوایه فێڵیان له بانكى خه‌ڵق كردووه كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ى بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌یش خودى بانكه‌كه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت پێشێلى ئه‌و سزایانه‌ى كردووه كه له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه خراونه‌ته سه‌ر ئێران.
ئه‌و تۆمه‌تباركردنه له كاتێكدا دێت، كه هه‌ردوو سه‌ركرده‌ى پێشووى ئاكپارتى له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوو رایانگه‌یاندووه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ساڵى نوێ حزبى نوێ داده‌ده‌مه‌زرێنن و به ئاشكرا و راشكاویش ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه حزب داده‌مه‌زرێنن تا سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ردۆغان دابنێن كه ماوه‌ى 17 ساڵه به‌رده‌وامه و به گوته‌ى ئه‌وان هه‌ر سیاسه‌تى ئه‌ردۆغانه توركیاى به‌ره‌و رووى ده‌یان كێشه بردووه.
ئاژانسی بلۆمبێرگى ئه‌مه‌ریكى سه‌رنجى ئه‌وه‌ى داوه، ئه‌م تۆمه‌تانه‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاراسته‌ى ركابه‌ره‌كانى كردووه، ته‌واو هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵى ئه‌وان بۆ دامه‌زراندنى حزبى نوێ. بلۆمبێرگ ده‌شڵێ ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا یه‌ك به‌ڵگه‌ى پێشكه‌ش نه‌كردووه بۆ سه‌لماندنى تۆمه‌ته‌كان.
ئه‌ردۆغان داود ئۆغڵو و عه‌لى باباجان به گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبار ده‌كات
ناوه‌ڕۆكى تۆمه‌ته‌كه‌یش ئه‌وه‌یه زانكۆى ئیستانبوڵ شه‌هیر قه‌رزى له بانكه‌كه كردووه، بڕى قه‌رزه‌كه‌یش 417 ملیۆن لیره‌یه كه ده‌كاته 72 ملیۆن دۆلار. ئه‌ردۆغان عه‌لى باباجانى و محه‌مه‌د شه‌یمشكى به‌وه تۆمه‌تبار كردووه ئه‌وانیش بڕیارى نابه‌جێیان داوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له زه‌وى ده‌وڵه‌ت بۆ زانكۆكه‌كه ته‌رخان بكه‌ن.
له وتارێكدا كه رۆژى شه‌مووى رابردوو داویه‌تى، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ "بانكه‌كه قه‌رزێكى گه‌وره‌ى به‌وان داوه، كه‌چى ئه‌وان قه‌رزه‌كه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه". دواتر ده‌ڵێ "من ناچمه ناو ورده‌كارییه‌كان، به‌ڵام فێڵێك له بانكه‌كه كراوه".
داودئۆغڵو كه یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانى زانكۆكه كه گوایه قه‌رزه‌كه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه، بۆیه بانكى خه‌لق سكاڵاى له دژى زانكۆكه تۆماركردووه، ته‌واوى ئه‌و زانیاریانه ره‌ت ده‌كاته‌وه و داوا له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆك كۆمار و خێزانه‌كه‌ى ده‌كات ئه‌و سامانه ئاشكرا بكه‌ن كه له‌میانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ده‌ستیان كه‌وتووه.
كه‌چى عه‌لى باباجان وه‌ڵامى تۆمه‌ته‌كانى سه‌رۆك كۆمارى نه‌داوه‌ته‌وه. باباجان له مانگى ته‌مووزى رابردوو ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشه‌كه‌شى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كى قووڵى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى حزبه‌كه هه‌یه و له كۆتایى مانگى رابردوویش راى گه‌یاند له دژى ده‌سه‌ڵاتى ئاكپارتى پارتێكى نوێ داده‌مه‌زرێنێ.
كه‌چى ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو كه پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا بوو، وێراى ناكۆكییه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان مانگێك دواى باباجان ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه و باباجان له دوایین دیمانه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى توركى رایگه‌یاند عه‌بدوڵا گولى سه‌رۆك كۆمارى پێشووى توركیا له دروستكردنى پێوه‌ندى ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى هاوكارى ده‌كات.
رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌ب" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، ده‌ڵێ ئه‌ردۆغان هه‌ڵمه‌تێكى دژ به ئه‌ندام و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان ده‌ست پێ كردووه، به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى دژایه‌تى سیاسه‌ته‌كه‌ى ده‌كه‌ن و پاڵپشتى له كورد ده‌كه‌ن. جگه له‌مه‌یش به بیانووى ئه‌و كۆده‌تا شكستخواردووه‌ى له مانگى ته‌مووزى ساڵى 2016 رووى دا، ئه‌ردۆغان به هه‌زاران كه‌سى گرتووه و به ده‌یان هه‌زار كه‌سیشى له راژه‌ى فه‌رمى دوورخستووه‌ته‌وه.
چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ئه‌مساڵ "2019" پارتى ده‌سه‌ڵاتدار رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه بووه‌وه، یه‌كه‌م ئه‌و كاته بوو كه له هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان سه‌رۆكایه‌تى كۆمه‌ڵێك شاره‌وانى گرنگى له ده‌ست دا، دووه‌میش له هاوینى رابردوو بوو كه كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ى سیاسى لێ دووركه‌وته‌وه.
بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دامه‌زراندنى دوو حزبى نوێ، ته‌نگژه‌یه‌كى تر رووبه‌ڕووى ئاكپارتى بكاته‌وه، كه زیانه‌كه‌ى له ته‌نگژه‌كانى تر گه‌وره‌تر ده‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكردووه له ئێسته‌وه ئه‌ردۆغان خۆى بۆ شه‌ڕى ئه‌وان ئاماده بكات.