گۆڕی دڵداری شاعیر نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:10:37:25/01/2017 ‌
بەرێوەبەری شوێنەواری شارۆكەی كۆیە رای دەگەیەنێت كە هەوڵ دەدەن لە رێگەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قشڵەی كۆیەدا گرنگی بە گۆڕی دڵداری شاعیر بدرێت، ئەوەش بەهۆی نزیكی گۆڕی ئەو شاعیرە و قشلەی كۆیە لە یەكتر.

پێشتر"وشە" بڵاوی كردبووەوە كە بڕیارە چەند پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە قشڵەی كۆیە درووست بكرێت كە تەمەنی دەگەرێتەوە بۆ ساڵەكانی 1869-1872 و لەلایەن والی عوسمانییەكانەوە درووست كراوە.

سەركەوت سۆفی بەڕێوەبەری شوێنەواری شارۆكەی كۆیە، ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند، كاریان كردووە بۆ ئەوەی دەرگەیەكی تایبەت لە نێو قشڵەی كۆیە بۆ گۆرەكەی دڵداری شاعیر درووست بكەن.

زیاتر گوتی، ئامانجمان لە جیاكردنەوەی دەرگەكە ئەوەیە كە كاتێك گەشتیاران روو دەكەنە قشڵەی كۆیە، سەردانی گۆڕی دڵداری شاعیریش بكەن، چونكە تا ئێستە بەشێك لە گەشتیاران نازانن كە گۆڕی دڵداری شاعیر لە بەشی پشتەوەی قشڵەی كۆیەیە.

سۆفی ئاماژەی دا، بودجەی كردنەوەی ئەو دەرگەیە و خەرجییەكان لەلایەن كۆمپانیایەكەوە دابین كراوە و كاركردن تێیدا تەواو بووە، تەنیا ئەوە ماوە رێژەی سەوزای لە سنووری گۆڕەكە زیاتر بكرێت كە ئەوەش لە پلاندایە.

دڵداری شاعیر ناوی (یونس رەئووف مەلا مەحموودە) ساڵی 1918 لە شارۆكەی كۆیە لەدایك بووە، قۆناغی سەرەتای لە كۆیە و رانیە تەواو كردووە، لە هەولێر و كەركووك كۆتایی بە قۆناغی ناوەندی و ئامادەی هیناوە پاشان لە كۆلیژی یاسا خوێندنی تەواو كردووە.

دڵدار لە تەمەنی 30 ساڵیدا و لە ساڵی 1948 لە پارێزگای هەولێر كۆچی دوایی كرد و لە كۆیە بەخاك سپێردرا، یەكێك لەو هۆنراوانەی كە وەك سروودی نیشتمانی كوردستان كاری پێ دەكرێت "ئەی رەقیب" و "كوردستان"ە.


















وشە - سه‌رخێڵ هاشم