كه‌ركووك و گه‌رمیان پێگه‌ى بنه‌ڕه‌تى مه‌قامه ره‌سه‌نه كوردییه‌كان و لانكه‌ى مهقامبێژانى كوردن، له‌م بواره‌دا ده‌یان مه‌قامبێژى به‌توانا و به‌ناوبانگى به‌رهه‌م هێناوه، له‌وانه مه‌لا ته‌ها كه‌ركووكى، عه‌لى مه‌ردان، خلهى بارام چاوش، حوسێن عه‌لى، سه‌ڵاح داوده، حهمهدرێژ، مه‌لا سدیق و مامۆستا میقداد. "كوێستانى" یه‌ك له‌وانه.
كوێستانی له ناوه‌ڕاستى په‌نجاكانى سه‌ده‌ی رابردوو له رادیۆی كوردی به‌غدا، له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموود به‌رزنجى "گه‌رمیانی"، به نازناوی (كوێستانی) چه‌ندان گۆرانى و مه‌قامی ره‌سه‌نی كوردی تۆمار كردووه و ناودارترینیان گۆرانیى "ئازاده و ئازاده" بوو.
ئه‌و گۆرانییه هه‌رزوو به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو بووه‌وه و بووه وێردى سه‌ر زوانى خه‌ڵك و زۆر سه‌رسام بوون به ده‌نگى. وه‌لێ كوێستانى له‌لاى خه‌ڵك بووه پرسیار كه بزانن ئه‌مه كێیه و خه‌ڵكى كوێ و ناوى راسته‌قینه‌ى چییه؟.
لێره‌دا وێڕاى ناساندنى كوێستانى، هاوكات ئاماژه به‌و پێشهنگییانه ده‌ده‌ین كه جیا له هونه‌ره‌كه‌ى كردوونى.
ئه‌و ناوى ته‌واوى (سه‌ید محێدین سه‌ید كه‌ریم سه‌ید غه‌فوور جه‌باریی حهمكی)یه، له‌به‌ر داونهریتى دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تیى ئه‌وكاته كه گۆرانیگوتن عه‌یبه‌یه‌كى گه‌وره بوو، بۆیه كاتێ له سه‌ره‌تاى ساڵانى په‌نجاكان هاوڕێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شێخ مه‌حموود "گه‌رمیانى" ده‌چن بۆ رادیۆى كوردى له به‌غدا، پاش ئه‌وه‌ى له تاقیكردنه‌وه‌كان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، شێخ مه‌حموود به به‌ڕێوه‌به‌رى رادیۆ ده‌ڵێ، ئێمه به مه‌رجێك گۆرانییه‌كان تۆمار ده‌كه‌ین، ناوى خۆمان ئاشكرا ناكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ى محێدین هه‌م مه‌لایه و هه‌م له سهیدهكانى جه‌بارییه، بۆیه گۆرانیگوتن بۆ ئێمه گونجاو نییه، من نازناوى "گه‌رمیانى" هه‌ڵده‌بژێرم و سه‌ید "كوێستانى".
ئیداره‌ی رادیۆ لارییان نابێت و گۆرانییه‌كانیان به‌و نازناوانه تۆمار و بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌ید محێدین له ساڵی 1928 له شارى كه‌ركووك له دایك بووه، خوێندنی ئاینیی له حوجره‌ى مزگه‌وتى گه‌ڕه‌كى خۆیان له "بوڵاخ" ته‌واو كردووه، له ساڵانى 1938 تا 1941 له لاى مه‌لا محه‌مه‌د كوڕى شاعیرى ناودار شێخ نه‌جمه‌دینى سابیرى شۆرجه، فه‌قێ بووه و قورئانى لاى ئه‌و خه‌تم كردووه، كتێبه‌كانى گوڵستانى سه‌عدى شیرازى و ئه‌حمه‌دى و مهولوودنامهى پێغه‌مبه‌ر و چه‌ندان كتێبى تر‌ى خوێندووه.
سه‌ید له تافى لاوێتیدا خولیاى ئاواز و مه‌قامى كوردى بووه و هاتۆچۆى ته‌كیه‌ى تاڵه‌بانى كردووه و كاریگه‌ریى مهقامبێژانى ئه‌و سه‌رده‌مه به‌تایبه‌تى "سه‌ید كه‌ریم"ى باوكى زۆر به‌سه‌ره‌وه بووه، چونكه باوكى هونه‌رمه‌ندێكى فره ده‌نگخۆش و شاره‌زا بووه له مه‌قامه كوردییه ره‌سه‌نه‌كان.
كوێستانى جیا له زمانى كوردی، زمانی توركمانی و عه‌ره‌بی به باشی زانیوه، بۆیه جگه له مه‌قامى كوردى، مه‌قامى به زمانه‌كانى توركمانى و عه‌ره‌بیش چڕیوه.
له ساڵى 1953دا هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ "وه‌جیهه به‌كر مسته‌فا" كردووه. پیشه‌ی به‌رگدروو بووه له شاری كه‌ركووك.
كوێستانی یه‌كه‌م مه‌قامبێژه له سه‌ره‌تاى ساڵانى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، پاش ئه‌وه‌ى محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌سرى كتێبى (مهولوودنامهى پێغه‌مبه‌ری نازدار) له كه‌ركووك به كوردى چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه، كوێستانی یه‌كه‌م مه‌لا بووه بۆ یه‌كه‌مجار "مهولوودنامهى پێغه‌مبه‌ر"ی به زمانى كوردى له بۆنه ئاینى و رێوڕه‌سمى مه‌ولوودنامه له ته‌كیه و مزگه‌وت و ماڵان به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى خوێندووه.
دواتر چه‌ندان مه‌لاى كورد له شاره‌كانى تر‌ى كوردستانه‌وه دێنه خزمه‌تى كوێستانى و فێری شێوازه‌كه‌ی له‌سه‌ر ریتمى مه‌قامه ره‌سه‌نه كوردییه‌كان و گوتنه‌وه‌ى مه‌ولوودنامه ده‌بن، له‌وانه: مه‌لا جه‌وهه‌ر، مه‌لا كه‌ریم، مه‌لا سه‌لام.
كوێستانى جیا له‌وه‌ى له هونه‌ره‌كه‌یدا زۆر دڵسۆز بووه، كه‌سێكى كوردپه‌روه‌ر و به‌شداری كردووه له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و له ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری سیاسیی كردووه، چه‌ندان جار له‌لایه‌ن ده‌زگه سه‌ركوتكه‌ره‌كانى حكوومه‌تی عێراقه‌وه گیراوه و ئه‌شكه‌نجه دراوه.
له ساڵى 1971 به‌فه‌رمى بووه به بانگخوێن له ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی له گه‌ڕه‌كی بهرتهكێی كه‌ركووك. له 29ى مانگی ئه‌یلوولی ساڵی 1988 به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كردوو و له گۆڕستانى "شێخ محێدین" له كه‌ركووك به‌خاك هاته سپاردن.
ئه‌و 11 گۆرانى و مهقامانهى له رادیۆى به‌غدا تۆمارى كردبوون، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا له‌لایه‌ن ئینستوتى كوردى له سلێمانى له یه‌ك كاسێتدا بڵاو كرانه‌وه.
بۆ ئه‌م بابه‌ته سوودم له بابه‌تێكى ئاكۆ خالید شوانى و چاوپێكه‌وتنى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى دانیشتووى گه‌ڕه‌كى بوڵاخ و بهرتهكیهى كه‌ركووك وه‌رگرتووه.
وشه/كه‌ركووك- ستار جه‌بارى