چوارەم دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بێ ئەنجام کۆتایی هات

:: PM:01:37:10/12/2019 ‌
ئەمڕۆ چوارەم دادگایی کەیسی سێوان قادرو منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، پارێزەری سێوانیش ڕایدەگەیەنێت، دادوەر وتەی لە چوار کەس کە وەک شاهیدبوون لەسەر ڕووداوەکە وەرگرتووە.
گوتەی چوار شایەتحاڵ وەرگیرا و دادوەر دانیشتنەکەی خستە هەفتەی داهاتوو

ئەمڕۆ سێشەم 10ی کانونی یەکەم، بنار عادل پارێزەری سێوان قادر و سێ منداڵەکەی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارەم دادگایی کەیسی سێوان قادر و سێ منداڵەکەی بە ئامادەبوونی تاوانباری یەکەم دیار مەجید بەڕێوەچوو، دادوەر گوتەی لە چوار کەس وەرگرتووە وەک شایەت لەو ڕووداوی سوتانی سێوان و منداڵەکانی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، دادوەر تەنیا گوتەی لە هاوەڵزاوەیەک و برایەکی دیار، لەگەڵ کەسێکی تر و منداڵێکی خوار تەمەن 15 ساڵ وەرگرت، ئەمانە باسیان لە رووداوەکە کردووە وەک  چیان بینیوە و چۆن ڕوویداوە بەبێ لایەنگر لەسەر ڕووداوەکە.

"دادوەر دوای گوێگرتن و وەرگرتنی گوتەی ئەو چوار شایەتحاڵانە، بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ رۆژی پێنجشەمی هەفتەی داهاتوو هەڵگرێت، لەو قۆناغی دانیشتنانە گوتەی شاهید وەردەگیرێت لەسەر رووداوەکە.

ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە رووداوێکی گوماناویدا لە چەمچەماڵ  سیوان قادر و سێ منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیان سووتان و دوای ئەوەی سێ منداڵەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، دوای یەک هەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە سێوان قادریش گیانی لە دەستدا و پێش گیان لەدەستدانی دانی بەوە نابوو کە دیاری هاوسەری ئەوانی سووتاندووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان