له كۆربه‌ندی هالیفاكس بۆ ئاسایش كه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌وره به‌رپرسانی وڵاتانی دنیا تێیدا به‌شداربوون، پرسیار له رۆبه‌رت ئۆبراینی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا كرا، بۆچی له 23ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر تره‌مپ بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه سووریا و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كێڵگه نه‌وتییه‌كان بڵاوه پێ بكات، ئه‌و له وه‌ڵامدا گوتی، به‌شێكی نه‌وتی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ ڕژێم ده‌ڕوا و به‌شێكیشی بۆ كوردستانی عێراق و ئه‌وه‌ی تریش بۆ توركیا ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له نه‌وتی ناوچه‌كه و داهاته‌كه‌ی ئاگادار بێ و به ڕوونی ئه‌وه‌یش بزانێ داهاته‌كه‌ی له چی خه‌رج ده‌كرێت.
ئه‌و قسانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه پرسی نه‌وت سه‌ره‌كیترین هۆكاری گرژی و كێشه‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده‌ن له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ڕه‌نگه هه‌موومان ئه‌وه‌مان بیستبێ، كه نه‌وتی ئه‌و ناوچه‌یه به ڕژێمی ئه‌سه‌د ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌مه زانیارییه‌كی نوێیه كه نه‌وت له‌وێوه بۆ باشووری كوردستان و توركیایش بنێردرێ و بفرۆشرێته‌وه. پرسه‌كه ئاڵۆزه ته‌نیا بیری لێ بكه‌نه‌وه، نه‌وتی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده به‌شێكی بۆ توركیا ڕه‌وانه ده‌كرێ، كه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی توركیایه، كه‌واته بۆچی ئه‌نكه‌ره هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌سه‌ده و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراسی له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا؟
له‌و دۆخه ناهه‌مواری له ناوچه‌كه ده‌گوزه‌رێ، هه‌موو ڕاستییه‌كان ون ده‌بن، هه‌رچه‌نده توركیا هێرشه‌كه‌ی به بیانووی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژمار كرد و هه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌یش به به‌شێك له په‌كه‌كه ناو ده‌بات، به‌ڵام كه‌وایه چۆن نه‌وتیان لێ ده‌كڕێ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، بۆچی به ملیۆنان دۆلار له ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی خه‌رج ده‌كات، دژی هێزێك كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و نه‌وتی پێ ده‌فرۆشن، كه توركیا زۆر پێویستیه‌تی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێكی نه‌وتی ڕۆژئاوا بۆ توركیا ده‌ڕوات، ئه‌نكه‌ره بۆچی هێرشی كرده‌سه‌ر
هه‌موو ئه‌وانه پرسیاری گرنگن و وهڵامهكانیش ده‌مانگه‌یه‌نێته ڕاستییه‌ك كه ئه‌وه‌ی له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌گوزه‌رێ نه كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نه په‌كه‌كه و نه شه‌ڕێكی ڕاسته‌قینه‌یه، به‌ڵكوو ململانێیه له‌سه‌ر نه‌وتی ناوچه‌كه، ئامانجی توركیا له به‌رده‌وامی فشار خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بۆ ئه‌وه‌یه كه ڕێ له فرۆشتنی نه‌وتی ناوچه‌كه به ئه‌سه‌د بگرێ و زۆرترینی به توركیا بده‌ن، سه‌ره‌تایش وه‌ك فشارێك ته‌نیا هێرشی كرده سه‌ر عه‌فرین و ئه‌وێی داگیركرد و په‌یامێكی به كوردانی ناوچه‌كه دا، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د مامه‌ڵه بكه‌ن و نه‌وتی پێ بفرۆشن، هێرشه‌كه هه‌موو ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی ئه‌وان ده‌گرێته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئیداره‌ی خۆسه‌ری ڕۆژئاوا له ژێر فشاری یه‌كجار زۆر بووه، له‌لایه‌كه‌وه ئه‌سه‌د داوای لێ كردووه نه‌وت به توركیا نه‌فرۆشن، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مه‌ریكا زۆرترین فشاری كردووه، له هه‌مان كاتیش توركیا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه فشاری دروست كردووه، ئه‌مه جیا له ڕووسیا كه ویستوویه‌تی كورد هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌وه ژێر باڵی ئه‌سه‌د و ته‌واوی نه‌وتی خۆیان بنێرنه دیمه‌شق.
له ڕاستیدا كرۆكی گرفته‌كه زۆر نزیكه له كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ولێریش له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ناردنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تووشی زۆرترین كێشه كرایه‌وه و هه‌موو وڵاتانیش زۆرترین فشاریان له‌سه‌ر دروست كرد، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رچۆنێك بێ پشتیوانییه‌كی ده‌ستووری و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌بوو، فشاره‌كان بۆ له‌باربردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌بوو، به‌ڵكوو بۆ گۆڕینی ئاراسته‌ی سیاسی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه ئه‌مه‌یش تا ئێسته یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه و به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كراوه تا نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا گرفته‌كه كۆتایی نه‌هاتووه.
به‌رپرسێكی باڵای كورد له عێراق به پێگه‌ی "
ئه‌لمۆنیتۆر"ی ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاندووه، به‌شێكی نه‌وتی ڕۆژئاوا له ڕێی فیشخابووره‌وه ده‌چێته توركیا، به‌شێكیشی به قاچاغ ده‌گه‌یه‌نرێته نسێبین و سلۆپی. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ناردنی نه‌وت و مامه‌ڵه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ری ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ توركیا، ئه‌لمۆنیتۆر پێوه‌ندی به چه‌ندان سه‌ركرده‌ی ڕۆژئاوا كردووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه نهێنیه ڕه‌تیان كرده‌وه لێدوان بده‌ن، به‌رپرسێكی هێزه‌كانی به‌رگری خۆسه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ی گوت، "نه‌وت گڕی له ئه‌زموونی ئێمه به‌ردا".
كرۆكی سه‌ره‌كی كێشه‌كان پرسی نه‌وته و پێوه‌ندی به دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ی ئارام و ئاواره‌كانه‌وه نییه
كورده‌كان هیچ بژارده‌یه‌كیان له‌به‌رده‌ست نییه، ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ڕه‌تیان كرده‌وه، كۆمه‌كی دارایی‌یان پێ ببه‌خشن و ئه‌سه‌دیش مووچه و بودجه‌یان پێ نادات، كه‌وایه چۆن ئه‌و ناوچانه و ئه‌و ژماره زۆره‌ی هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش و هه‌سه‌ده كۆمه‌ك بكه‌ن، هه‌رچه‌نده سعوودیه و ئیماراتیش له ڕێی ئه‌مه‌ریكاوه هاتنه سه‌ر خه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌كیان پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه له به‌رانبه‌ر وه‌ستانه‌وه دژی ئه‌سه‌د بوو، هه‌موو هاوكارییه‌كان بۆ ڕۆژئاوا به مه‌رجی قورس و ئاڵۆزبوون، بۆیه ئه‌وان ناچاربوون نه‌وت بفرۆشن و به‌وشێوه‌یه‌یش مانگانه بڕی 200 ملیۆن دۆلاریان ده‌ست ده‌كه‌وت.
زانیارییه نهێنییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ڕۆژانه شه‌ش تا هه‌شت هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژئاواوه هه‌نارده‌ی فیشخابوور كراوه و له‌وێوه‌یش به تانكه‌ر بۆ توركیا گوازراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش به ڕێككه‌وتنێكی نهێنی نێوان په‌یه‌ده و توركیا بووه و به ڕه‌زامه‌ندی هه‌ولێریش ئه‌نجام دراوه، ئه‌وان له مه‌به‌ستی ڕۆژئاوا تێگه‌یشتوون كه تووشی ته‌نگژه‌ی قووڵی دارایی ده‌بن، چونكه هیچ بودجه و سه‌رچاوه‌یه‌كیان نییه، بۆیه ئه‌م هاوكارییه‌یان بێ به‌رانبه‌ر پێ به‌خشیون، ئێسته‌یش سه‌رجه‌م گرفته‌كان له‌سه‌ر نه‌وتی ڕۆژئاوایه، نه‌ك هیچ بابه‌تێكی تر.