نەجم جبووری: مووسڵ پێویستی بە 16 ملیار دۆلارە

:: PM:08:57:11/12/2019 ‌
لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق بودجەی 2020ـی نووسیوەتەوە و چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكرێت تا رەوانەی پەرلەمان بكرێت، پارێزگاری مووسڵ دەڵێ، بۆ ئەوەی شارەكە بگەڕێتەوە پێش دۆخی هاتنی داعش، بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی پێویستی بە 16 ملیار دۆلار هەیە.

نەجم جبووری پارێزگاری مووسڵ لە بەیاننامەیەكدا لە بارەی بودجەی 2020ـی عێراق و پشكی شارەكە رای گەیاند، مووسڵ پێویستی بە 16 ملیار دۆلار هەیە.

لەو بڕەی دەستنیشانكراوە پێشینە بە سێكتەری تەندروستی و دووبارە دروستكردنەوەی پردەكان دەدەین


جبووری لە بەیاننامەكەدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی مووسڵ بگەڕێتەوە پێش هاتنی داعش، بە مەبەستی دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخان، مووسڵ پێویستی بە 16 ملیار دۆلار هەیە.

جبووری بێ ئاشكرا كردنی پشكی شارەكە لە بودجەی 2020ـی عێراق، زیاتر روونی كردەوە، ئەو بڕەی لە بودجەی 2020 دەستنیشانكراوە بۆ مووسڵ بەشی پێویستییەكانی شارەكە ناكات، گوتی "لەو بڕەی دەستنیشانكراوە پێشینە بە سێكتەری تەندروستی و دووبارە دروستكردنەوەی پردەكان دەدەین".

زیاتر گوتی "گرنگی زۆر بە رێگەی سەردەمیانە دەدەین لە راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاری بۆ سەرخستنی پڕۆژەكان بە ماوەیەكی كورتی دیاری كراو".

 
قسەكانی جبووری لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق لە رۆژانی رابردوو ساڵوەگەڕی دوو ساڵەی ئازادكردنی شارەكەی لە دەستی داعش كردەوە كە لە ماوەی سێ ساڵی حوكمڕانی داعش و لە ئۆپراسیۆنەكانی ئازادكردنیدا، تا 80%ـی شارەكە وێران بوو بە تایبەت لای راستی شارەكە.


وشە - فه‌رمان سادق