هواوی گرنگترین گرێبەستی ئەڵمانیای بردەوە

:: AM:10:51:12/12/2019 ‌

گوشارێكی زۆر بە تایبەت لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ سەر كۆمپانیایەكی ئەڵمانیا لە ئارادابوو بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای هواوی واژوو نەكات كە بە گرنگترین كۆمپانیای چین لە بواری ئای تی و گەیاندن هەژمار دەكرێت.

ئەڵمانیا لە هەوڵی خستنەڕووی تۆڕی مۆبایلی نەوەی پێنجەمی 5G بوو كە كۆمەڵیك كۆمپانیای بە ناوبانگی دنیا لە هەوڵی وەرگرتنی تەندەرەكەدا بوون. دواجار هەریەك لە كۆمپانیاكانی نۆكیای فینلەندی و هواوی چینی توانییان تەندەرەكە ببەنەوە و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای "تێلێفۆنیكا دۆیچلەند" واژوو بكەن.

"تێلێفۆنیكا دۆیچلەندیش" بە گەورەترین كۆمپانیای بواری گەیاندن و تەكنەلۆجیای ئیسپانیا هەژمار دەكرێت كە تەواوی خزمەتگوزارییەكانی بواری ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە ئەڵمانیا پێشكەش دەكات.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" كۆمپانیای هواوی لە لایەن ئەمەریكاوە بە تۆمەتی سیخوڕی خراوەتە ناو لیستی رەشەوە و هێشتا حكوومەتی ئەڵمانیا بە تەواوی بڕیاری ئەوەی نەداوە لەگەڵ هواوی هاوكاری دەكات یان نا.
پشكەكانی "تێلێفۆنیكا دۆیچلەند" لە بۆرسەی فرانكفۆرت بە رێژەی 2.5% دابەزی 

پێویستە بگوترێت لەگەڵ واژووكردنی ئەم گرێبەستە، بەهای پشكەكانی "تێلێفۆنیكا دۆیچلەند" لە بۆرسەی فرانكفۆرت بە رێژەی 2.5% دابەزی.

ئەم گرێبەستە لە كاتێكدا واژوو كراوە كە هەریەك لە كۆمپانیاكانی "دۆیچەتێلێكۆم" و "ڤۆدافۆن" خەریكن سەرجەم گرێبەست و هاوكارییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا چینییەكە دەوەستێنن.



وشە - سلێمان تاشان