كۆنگره‌ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان 21ى ئه‌م مانگه ده‌به‌سترێ، ئه‌وه‌یش دواى بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى ئه‌و حزبه بۆ دواخستنى. كۆنفرانسى ناوخۆى یه‌كێتى به‌كۆتا هات، ئێسته شه‌ڕى سه‌ره‌كانى یه‌كێتى (كۆسره‌ت ره‌سووڵ و بافڵ تاڵه‌بانى و لاهوور جه‌نگى و به‌رهه‌م ساڵح) به گه‌رمى به‌ڕێوه ده‌چێ.
جه‌مسه‌ره‌كانى ناو یه‌كێتى هه‌مووان كار له‌سه‌ر شكاندنى یه‌كتر ده‌كه‌ن و په‌له‌ى خۆپێشخستنیانه له‌ناو كۆنگره. تا ئاماده‌كردنى ئه‌و ڕاپۆرته هیچ ڕێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته له‌سه‌ر كۆنگره نه‌كراوه و ئه‌وه‌یش مه‌ترسییه‌كانى ناو كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان زیاتر ده‌كات.
شه‌ڕى سه‌ره‌كان له‌ناو یه‌كێتى گه‌رمه
"وشه" زانیویه‌تى پێشتر ڕێككه‌وتنێك له نێوان بافڵ تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح هه‌بووه تا ساڵح بكرێت به سكرتێرى گشتیی یه‌كێتى، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى لاى خۆیه‌وه به‌كۆتا هێناوه، ئه‌وه‌یش به‌هۆى ده‌ست پێكردنى جووڵه له‌لایه‌ن لاهوور جه‌نگی و مه‌ترسیی كۆتاهێنان به‌و یارییه له دوا ساته‌كانى پێش ده‌ست پێكردنى كۆنگره له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لییه‌وه.
به‌پێى گوته‌ی كه‌سێكى نزیك له به‌رهه‌م ساڵح، تا ئێسته ئه‌و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پۆستى سكرتێرى گشتیی یه‌كێتى وه‌ربگرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه په‌سه‌ند بكرێ كه باس له دانانى سكرتێر و دوو جێگر و سه‌رۆكى قه‌واره ده‌كرێ، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا مه‌ترسیی كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌یه له كۆنگره ده‌نگى بۆ نه‌درێ.
چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك بۆ كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى ئاماده كراون كه یه‌كێك له‌وانه دانانى سكرتێر و دوو جێگر و سه‌رۆكى قه‌واره‌یه. به‌پێى لێكدانه‌وه‌ى كادرانى یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه سه‌ربگرێ، ئه‌وه به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێته سكرتێر و هه‌ریه‌ك له بافڵ تاڵه‌بانى جێگر و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سووڵ جێگرى دووه‌م ده‌بن، هاوكات كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌بێته سه‌رۆكى قه‌واره‌ى یه‌كێتى.
به‌ڵام به جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه به ته‌واوى لاهوور جه‌نگى وه‌ده‌ر ده‌نرێ، ئه‌وه‌یش واى لێ كردووه بكه‌وێته جووڵه دژى بافڵ تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" دوای ئاشكرابوونی ئه‌و هه‌وڵه بۆ وه‌لانانی، له یه‌كێك له كۆبوونه‌وه‌كاندا لاهوور گوتوویه‌تى، "ئاماده‌م له كۆنگره ڕاسته‌وخۆ خۆم بۆ سكرتێرى یه‌كێتی هه‌ڵبژێرم"، به‌ڵام پێ ناچێ شه‌ڕى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى ئه‌و ڕێیه له به‌رده‌م لاهوور جه‌نگى بهێڵنه‌وه، چونكه ئێسته دژه‌كانى له‌ناو یه‌كێتى زیاتر بوونه.
ئێسته ناوخۆی یه‌كێتی به سه‌ختترین چركه‌ساته‌كانیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌موو رێككه‌وتنه‌كانی پێشتر هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و كه‌س له‌گه‌ڵ كه‌س نییه، ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى كه له‌به‌ر هه‌ستیاریى دۆخه‌كه ئاماده نه‌بوو ناوى بڵاو بكرێته‌وه، بۆ "وشه" گوتى، "بافڵ تاڵه‌بانى پشتى له هه‌مووان كرد، ئێسته ده‌ڵێ یان سكرتێر یان به ته‌نیا جێگرى سكرتێر، له‌و حاڵه‌ته‌یشدا چانسى به‌رهه‌م ساڵح بۆ بوون به سكرتێرى لاواز ده‌بێت، چونكه تاكه كه‌سێك پشتى پێ به‌ستبوو، بافڵ تاڵه‌بانى بوو".
پێشتریش به‌رهه‌م ساڵح به قسه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی پشتی له هاوڕێكانی كرد و چووه‌وه ناو یه‌كێتی، دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری دامه‌زراند و ده‌یان قسه‌ی دژی یه‌كێتی و بێ بایه‌خی پۆستی سكرتێریش كرد.
له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا شاناز برایم ئه‌حمه‌د و مه‌لا به‌ختیار به چڕى كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تى به‌رهه‌م ساڵح. وه‌ك كه‌سه نزیكه‌كه‌ى ساڵح به"وشه" ده‌ڵێت، "به‌رهه‌م ساڵح ئه‌گه‌ر ڕاى له كۆنگره نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌یه وه‌ك سه‌رۆك كۆمار ته‌نیا به بروسكه‌یه‌كى پیرۆزبایی به‌شدارى بكات". به‌ڵام محه‌مه‌د وه‌تمان ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت، "ڕێككه‌وتن ده‌كرێ".
وه‌تمان بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن یان جۆرێك له لێكتێگه‌یشتن نه‌كرێ پێش كۆنگره، كێشه‌كان چڕ ده‌بنه‌وه و كۆنگره‌یه‌كى ئاسایی تێپه‌ڕ نابێت.
هه‌ریه‌ك له لاهوور جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى كار له‌سه‌ر له‌ناوبردنى ئاره‌زووه‌كانى یه‌كتر ده‌كه‌ن
ئێسته هه‌ریه‌ك له لاهوور جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى كار له‌سه‌ر له‌ناوبردنى ئاره‌زووه‌كانى یه‌كتر ده‌كه‌ن كه بوون به سكرتێر یان جێگری سكرتێر به ته‌نیا، بۆ ئه‌وه‌یش لاهوور جه‌نگى به هه‌موو جۆرێك هه‌وڵه‌كانى چڕ كردووه‌ته‌وه و به‌لاى كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌یكشێنێته‌وه.
ئه‌وه‌ى له‌ناو ئه‌و ململانێیه‌دا ئێسته بارودۆخى خراپه، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراقه كه دواى پشتتێكردنى له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانییه‌وه، به‌ته‌واوى له كۆنگره‌ى یه‌كێتى بێ ئومێد بووه، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات ڕۆڵێكى ئه‌رێنى بۆ خۆى بڕه‌خسێنى.
سه‌رچاوه‌كه‌ى ناو یه‌كێتى ده‌ڵێت، له كۆتادا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ڕێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته بۆ كۆنگره به ڕه‌زامه‌ندى هه‌مووان بكرێ، به‌ڵام ئه‌سته‌مه ئه‌و ڕێككه‌وتنه بتوانێ له‌یه‌ك كاتدا جێى خواسته‌كانى بافڵ تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌وه.