كۆی پڕۆژه‌كانی ماسی له كوردستان به مۆڵه‌تدار و بێ مۆڵه‌ت، ئه‌وانه‌یش كه له رووبار و به‌نداوه‌كان راو ده‌كرێن، نزیك به نیوه‌ی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان به ماسی دابین ده‌كه‌ن، ئه‌ویتر له عێراق و توركیا و ئێرانه‌وه هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێن. كۆمه‌ڵێك پڕۆژه پێشكه‌ش كراوه و ئه‌گه‌ر ته‌واو بكرێن، له داهاتوودا كوردستان به خۆبژێویی له سامانی ماسی ده‌گات.
له‌گه‌ڵ ساردبوونی كه‌شوهه‌وا له كوردستان، بازاڕی ماسی گه‌رمتر بووه و بازاڕه‌كانی كوردستان پڕ بوون له‌و ماسییانه‌ی له ناوخۆ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن یان له ده‌ره‌وه هاورده كراون. زۆربه‌ی ماركێت و مۆڵه‌كانی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌شێكی تایبه‌ت به فرۆشتنی ماسییان نه‌بێت، لانی كه‌م ساردكهرهوهیهكیان بۆ دابینكردنی ئه‌م جۆره گۆشته ته‌رخان كردووه.
ئه‌وه‌ی له وه‌رزی سه‌رمادا زیاتر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان حه‌ز به خواردنی ده‌كه‌ن، ئه‌م جۆره ماسییه‌یه كه به زیندوویی ده‌فرۆشرێت و نرخه‌كه‌یشی به‌راورد به جۆره‌كانی تری ماسی، به‌رزتره. ماسی زیندوو ده‌بێ له‌ناو حه‌وزی ئاو بفرۆشرێ و رێوشوێنی وه‌رگرتنی ئۆكسجینیش بۆ ماسییه‌كان دابین بكرێت.
گۆڕینی پشته‌وه‌ی پیكاب بۆ حه‌وزێكی تایبه‌تی و دانانی موه‌لیده‌یه‌كی كاره‌با بۆ جووڵه‌پێكردنی ئاوه‌كه و پاشان خستنه‌ڕووی ماسیی زیندوو، بووه‌ته پیشه‌ی ده‌یان كاسبكار كه له‌م وه‌رزه‌دا بژێویان دابین ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌بینرێن، هه‌رچه‌نده شاره‌وانی زۆرجار رێی ئه‌م كاسبییهیان لێ ده‌گرێت.
"دیدار و بیلال" دوو كاسبكارن له شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- كه‌سنه‌زان، پیكابهكهیان راگرتووه و كیلۆی ماسی به پێنج هه‌زار ده‌فرۆشن. ئه‌وان هه‌ندێك ماسیی تری وردیان خستووه‌ته ڕوو كه به دوو هه‌زار دینار ساغی ده‌كه‌نه‌وه.
بۆ راكێشانی سه‌رنجی زیاتری كڕیاره‌كان، ئه‌و خاوه‌ن پیكابانه به ناوی ماسیی داقووق به‌رهه‌مه‌كه ده‌فرۆشن، هه‌رچه‌نده به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه"، ماسییه‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه له حه‌وزه‌كانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و كوالێتیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داقووق جیاوازی نییه.
دیدار به"وشه" ده‌ڵێ، له هه‌ولێر عه‌ره‌به‌كان زیاتر كڕیاری ماسین، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه هێشتا خواردنی ماسی لای كورد نه‌بووه‌ته خۆراكێكی سه‌ره‌كی كه لانی كه‌م هه‌فتانه جارێك له‌سه‌ر خوان جێی بۆ بكه‌نه‌وه.
به‌رهه‌می ماسی له كوردستان ته‌نیا پێوه‌ندیدار نییه به‌و پڕۆژانه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و هاووڵاتییان بنیاتیان ناون، به‌ڵكو له رووبار و به‌نداوه‌كانیش راوچییانی ماسی له وه‌رزی راوكردنی ماسی، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه.
كۆی ژماره‌ی پڕۆژه مۆڵه‌تپێدراوه‌كانی ماسی له كوردستان، به‌گوته‌ی سیروان سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ماسی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، بریتییه له 400 پڕۆژه، به‌ڵام سه‌رووی ئه‌م ژماره‌یه پڕۆژه‌ی تر هه‌ن كه هیچ مۆڵه‌تێكیان نییه و له ده‌ره‌وه‌ی رێسا و رێنوێنییه‌كان دروست كراون.
كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌ی پڕۆژه مۆڵه‌تپێدراوه‌كان ده‌گاته سێ هه‌زار تۆن، پڕۆژه بێ مۆڵه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌یش كه له رووبار و به‌نداوه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، كۆی به‌رهه‌می ساڵانه‌یان ده‌گاته سێ هه‌زار تۆن، به گشتی شه‌ش هه‌زار تۆن له هه‌رێمی كوردستان ماسی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
رێژه‌ی خواردنی ماسی له كوردستان به‌گوێره‌ی توانای دارایی هاووڵاتییان و گه‌شه‌ی هۆشیاریی ته‌ندروستی بۆ گونجاندنی ئه‌م خۆراكه له‌سه‌ر خوان، ساڵانه زیاد ده‌كات و به‌گوێره‌ی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم كه ئه‌م به‌رپرسه‌ی سامانی ماسی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، ئه‌وه‌ی له كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت 45 تا 50%ی پێداویستی ناوخۆ پڕ ده‌كاته‌وه.
كه‌وایه هێشتا سه‌رووی نیوه‌ی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت. له‌وكاته‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ زیاد ده‌كات، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ رێگرتن له هاورده، هه‌ندێك رێوشوێنی نوێ ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زیان به به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوخۆ نه‌كه‌وێت.
له كۆتایی مانگی نۆی هه‌موو ساڵێك، خستنه‌ڕووی ماسی له كوردستان زیاد ده‌كات، بۆیه له‌وكاته‌وه به بڕیارێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هاورده‌كردنی ماسی به رێژه‌ی 50% كه‌م كراوه‌ته‌وه. وه‌ك سیروان سه‌عید بۆ "وشه" باسی ده‌كات، هه‌ر كاتێك بزانن به‌رهه‌می ناوخۆ كه‌م ده‌كات و نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه، رێ به هاورده‌ی زیاتر ده‌ده‌ن و هاوسه‌نگی بازاڕ ده‌پارێزن.
ته‌نگژه‌ی دارایی گه‌یشتنی هه‌رێم به خۆبژێویی له سامانی ماسی دواخست
ته‌نگژه‌ی دارایی و ده‌ستكورتی حكوومه‌ت له پێدانی قه‌رز به وه‌به‌رهێنه‌ران، یه‌كێك له‌و هۆكارانه بووه كه گه‌یشتن به خۆبژێوی له به‌رهه‌مهێنانی ماسی له كوردستانی دواخستووه، ئاخر به‌گوێره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ی پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ماسی كراون، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وا له‌وانه‌یه پێداویستی ناوخۆ پڕ بكه‌نه‌وه.
ژماره‌ی ئه‌و پڕۆژانه زۆرن، به‌ڵام سێ له‌و پڕۆژانه ستراتیجین. بۆ نموونه له هه‌ولێر یه‌كێكیان جۆرێك ماسی به ناوی "تیلابیا" به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه ئه‌گه‌ر ته‌واو بكرێ، كۆی توانای به‌رهه‌مهێنانی ده‌گاته سێ هه‌زار تۆن له ساڵێكدا، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی تریش به ئامانجی به‌رهه‌مهێنان بگه‌ن، پێشبینی ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان به خۆبژێوی بگات.
پڕۆژه‌یه‌كی ماسی له هه‌ولێر توانای هه‌یه ساڵانه سێ هه‌زار تۆن ماسی به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵام كه‌متر له 10%ی به‌گه‌ڕ خراوه
پڕۆژه‌ی ماسی تیلابیا له هه‌ولێر تا ئێسته ته‌نیا 5 تا 10%ی تواناكانی خۆی بۆ به‌رهه‌مهێنان به‌كار هێناوه. ئه‌و به‌رپرسه‌ی سامانی ماسی نایشارێته‌وه كه ناتوانن هیچ پێشبینییه‌ك بۆ ئه‌وه بكه‌ن كه كه‌ی هه‌رێم له رووی به‌رهه‌مهێنانی ماسی به خۆبژێویی ده‌گات، چونكه حكوومه‌ت خۆی پڕۆژه جێبه‌جێ ناكات و به ته‌واوی كه‌رته‌كه‌ی به كه‌رتی تایبه‌ت سپاردووه، كه‌رتی تایبه‌تیش گرێ دراوه به توانای وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ جێبه‌جیكردنی پڕۆژه‌كانیان، ته‌نیا ده‌توانن پاڵپشتی پڕۆژه‌كان بكه‌ن و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستیان دێ یارمه‌تییان بده‌ن.
هه‌رچه‌نده یارمه‌تیی حكوومه‌ت بۆ پڕۆژه‌كان له ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی زۆر دابه‌زیبوو، به‌ڵام نزیكه‌ی دوو ساڵ ده‌بێ دووباره هه‌وڵی پاڵپشتی به‌رهه‌مهێنه‌رانی ماسی ده‌دات. بۆ نموونه ساڵی رابردوو ئالیك و ئامێری ئۆكسجینی به‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی هه‌ولێر و دهۆكدا دابه‌ش كرد، ئه‌مساڵیش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ یارمه‌تی پڕۆژه‌كانی سلێمانی و گه‌رمیان بدات.
پێویسته بگوترێ هه‌رێمی كوردستان به كانی و رووبار ده‌وڵه‌مه‌نده و ئه‌گه‌ر گرنگی به كه‌رتی سامانی ماسی بدرێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان جگه له‌وه‌ی ده‌توانێ پێداویستی خۆی دابین بكات، ته‌نانه‌ت ده‌توانێ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشی بكات.