عێراق.. خۆپێشاندانێكی تر لەدژی ئەمەریكا دەست پێ دەكات

:: PM:04:51:14/12/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق پێیان نایە سێیەم مانگەوە و بەردەوامن و لە سەروبەندی دیاریكردنی كەسێك بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، هێزە سیاسییەكان گوشار دەخەنە سەر خۆپێشاندەران و ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپێشاندانێك لە گۆڕەپانی فیردەوس لەدژی ئەمەریكا دەستی پێ كرد.  
سەدرییەكان و عەسائیب باڵادەستیان بەسەر شەقام پێشان دەدەن
هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران دوای ئەوەی نەیانتوانی بە گوشاری راستەوخۆ بۆ سەر خۆپێشاندەران ئەوان ناچاری گەڕانەوە بۆ ماڵەكاینان بكەن، خەریكە هەمان سیناریۆی لبنان دووبارە دەكەنەوە، لەرێگەی هێنانی كەسانی سەربەخۆیان بۆ سەر شەقامەكان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەران.

خۆپێشاندانەكانی باشووری و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامن و ئەوان دوای ناچاركردنی سەرۆك وەزیران بۆ دەستلەكاركێشانەوە، ئێستە بەردەوامن و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەكەن، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایەتەخت جیا لەو مانگرتنەی هەیە و هێمنی باڵی بەسەر دۆخەكە كێشاوە، لە گۆڕەپانی وەسبە خۆپێشاندەران پاشەكشەیان كردووە.

لە پارێزگای زیقاڕ خۆپێشاندەران لە مانگرتن لە گۆڕەپانی حبووبی بەردەوامن، جیا لە داخستنی پردی زیتوون، لە دیوانییە خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی ساعە كۆبوونەتەوە لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆك هۆزەكانیش بەشداری لەو خۆپێشاندانانەن كردووە پاڵپشتیان بۆیان دووپات كردووەتەوە.   

لە كەربەلا خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی فولكەی پەروەردە كۆبوونەتەوە و ئەوان داوای لیژنەی پاراستنی خۆپێشاندەران دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك خۆپێشاندەر دووچاری چەقوولێدان هاتنەوە، لە پارێزگای نەجەف خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی سەدرییەكان كۆبوونەتەوە و هێمنی باڵی بەسەر شەقامەكانی شارەكە كێشاوە.

ئەمڕۆ خۆپێشاندانێكی نوێ لە بەغدا لە گۆڕەپانی فیردەوس دەستی پێ كرد بۆ دەربڕینی نەیاری بۆ ئەمەریكا و دەستوەردانی لە عێراق و ئەوان سێ داواكاریان بەرز كردووەتەوە لەوانە دژی دەستوەردانی ئەمەریكان لە بەغدا و ئەوان لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە دێنە پاراستن، عەسائیب ئەهلولحەق كە گرووپێكی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانە، دووپاتی كردەوە ئەو خۆپێشاندانەی ئەوان ئەمڕۆ دەستیان پێ كردووە ئاشتیانە و پاڵپشتن بۆ خۆپێشاندانەكانی عێراق و دەستوەردانی ئەمەریكا لە عێراق رەت دەكەنەوە.

ئەو خۆپێشاندانانەی لایەنگرانی عەسائیب كە تیایدا ئاڵای حەشدی شەعبی و وێنەی سەرانی گرووپەكەی تیادا بەرز كرایەوە كە بەم دواییە لەلایەن ئەمەریكاوە سزایان خرایە سەر، ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو گرژییەی هەیە بەهۆی هەوڵی دیاریكردنی كەسێكی نزیك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق دوور لە خواستی خۆپێشاندەران و ئەو نەیاریەشی لەنێوان لایەنگرانی عەسائیب و سەدرییەكان كە بەناوی كڵاوشینەكان لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانن، رووبەرشووبوونەوە روو بدات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل