په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گه‌یاند، كوتله‌ی بینا كه له چه‌ندان حزبی شیعه پێك دێت، كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاری كردووه و راده‌ستی سه‌رۆك كۆماریان كردووه، تا ئه‌ویش ئه‌مڕۆ راده‌ستی په‌رله‌مانی بكات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 14ی كانوونی یه‌كه‌م/ دێسه‌مبه‌ر، شێروان دووبه‌ردانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، كوتله‌ی بینا كه له‌چه‌ند حزبێكی شیعه پێكدێت كاندیدی خۆیان دیاری كردووه كه ئه‌ویش محه‌مد شه‌یاع سوودانییه و ناوه‌كه‌یان راده‌ستی سه‌رۆك كۆمار كردووه بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی په‌رله‌مانی بكات و ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن و ببێته سه‌رۆك وه‌زیران.
بڕیاره ئه‌مڕۆ ناوه‌كه راده‌ستی سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن
ڕوونیشی كرده‌وه كه بڕیاره ئه‌مڕۆ ناوه‌كه راده‌ستی سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن و ئه‌ویش راده‌ستی په‌رله‌مانی بكات و رۆژی دووشه‌م ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتی، كوتله‌ی سائیروون باسی له‌وه‌كردووه به‌شداری حكوومه‌ت ناكات و پشكی خۆی ده‌داته خۆپێشانده‌ران، بۆیه ته‌نیا كوتله‌كانی تری شیعه ماون ئه‌وانیش محه‌مه‌د شه‌یاع سودانییان بۆ ئه‌وپۆسته دیاری كردووه .
دوای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نزیكه‌ی دوو هه‌فته تێپه‌ر ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و وا ده‌یه و پێویسته له ماوه‌ی دووهه‌فته سه‌رۆك كۆمار كه‌سێك راسپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و ببێته سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی نوێ دروست بكات.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم