عێراق.. لێژنەیەك بۆ رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان دادەمەزرێت

:: PM:06:21:14/12/2019 ‌

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی بۆ تەواوكردنی بودجەی 2020ی عێراق دامەزراندووە و دەسەڵاتی ئەوەی پێ داوە بۆ رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان و بڕیارە پێش كۆتایی ئەم مانگە بودجە بگاتە پەرلەمان.
بودجە پێش كۆتایی ئەم مانگە دەگاتە پەرلەمان
سیهام عوقەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی حكوومەتی بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی و ئەندامیەتی وەزیری پلاندانان و نوێنەرێك لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 و تەواوكردنی داڕشتنی، هاوكات دەسەڵاتی ئەوەیشی پێ داوە بۆ رەوانەكردنی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان، چونكە حكوومەت توانای ئەوەی نییە بەهۆی بوونی بە كاربەڕێكار. 

زیاتر گوتی، دوای كۆتاهاتنی تاوتوێكردنی لیژنەكەی حكوومەت پڕۆژەی بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكات و ئاشكرای كرد كە پڕۆژەكە پێش كۆتاهاتنی ئەم مانگە دەگاتە پەرلەمان بۆ تاوتوێكردن و دەنگدان لەبارەیەوە.

لای خۆیەوە تارق حەرب شارەزای یاسایی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئێستە یان كاتی بەپێی یاسا ناچارە لە مانگی كانوونی دووەمی 2020 پارەكە بە هاوشێوەی كانوونی دووەمی 2019 خەرج بكات تەنیا بۆ بودجەی بەكارخستن، چونكە تێپەڕ نەكردنی بودجە حكوومەت ناچار دەكات بەپێی یاسای بریمەر رەفتار بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل