مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی سلێمانی پێشانگەیەكی بۆ پێشاندانی ئەزموونی پەنجا ساڵەی چوار هونەرمەندی بەئەزموونی ئەو شارە كردەوە.
لە پێشانگاكەدا 120 تابلۆ ماوەی دوو مانگ نمایش دەكرێن
ڕێبوار سەعید، سەرۆكی بۆردی هونەری هاوچەرخی سلێمانی، سەبارەت بە پێشانگاكە بە "وشە"ی گوت، پڕۆژەیەكی هونەری مۆزەخانەی هاوچەرخی سلێمانییە لەژێر ناوی (پەنجا ساڵ لە ئەزموون)، بۆ چوار هونەرمەند ساز كراوە ئەوانیش عەلی جۆڵا، عەلی كەریم، محەمەد كاكە و سلێمان شاكرن، ئەم چوار هونەرمەندە هەریەكەیان ئەزموونی پەنجا ساڵ كاری هونەرییان هەیە، كە لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و پەیمانگا و زانكۆ، خزمەتیان بە نەوە دوای نەوە كردووە.
زیاتر گوتی، ئەم هونەرمەندانە هەریەكەیان خاوەنی ستایڵی تایبەت بە خۆیانن، كە توانیویانە لەناو جوگرافیای كاری شێوەكاری ئەمڕۆماندا جێگە دەستیان دیار بێت و كاریگەرییان هەبێت.
سەبارەت بە بیرۆكەی كردنەوەی پێشانگەكە روونی كردەوە، كاری سەرەكی مۆزەخانەكە ئەوەبوو كە ئەو هونەرمەندانە كە لە سێبەردان، بیانگێڕینەوە ناو ڕوناكی و بتوانرێت نەوەی نوێ بە هونەرەكانیان ئاشنا بكرێت، هەروەها پێشانگەكە ببێت بە بابەتێك بۆ شرۆڤەكردنی كارەكانیان و دنیابینی كارە هونەرییەكانیان.
لە پێشانگاكەدا 120 تابلۆ نمایش كرابوون بەشێكیان هەڵبژێردرابوون بۆ پێشانگەكە و هەریەكە لە هونەرمەندەكان لە كۆنترین كارەكانیان تا تازەترین كارەكانیان نمایش كردبوو و كارەكان بە بۆیەی زەیتی و ئاوی و ئەكریلیك و سیرامیك و بە مەتریاڵی جیاواز و بە قەبارەی جیاواز نەخشێنرابوو، بابەتەكانیش لە بارەی سروشت و بزوتنەوەی نەتەوایەتی كورد و بوارە جیاوەكانی تر.
پێشانگەكە دوو مانگ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە سەعات 10ی بەیانی تا یەكی دوای نیوەڕۆ، هەروەها لە سەعات سێی دوای میوەڕۆ تا پێنجی ئێوارە لە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی سلێمانی تابلۆكان نمایش كراون و هونەردۆستان دەتوانن سەردانی پێشانگاكە بكەن و لە نزیكەوە بینەری تابلۆكان بن.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد