فراكسیۆنە كوردییەكان: كەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كرا هەڵوێستمان رادەگەیەنین

:: PM:10:06:14/12/2019 ‌

فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لە بارەی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق باس لەوە دەكەن، هەڵوێستی كورد لەبارەی دانانی سەرۆكی نوێی حكوومەتی عێراق زۆر گرنگ دەبێت و دووپاتی دەكەنەوە كە تا ئێستە كەسێك بە فەرمی دیاری نەكراوە تا قسە و هەڵوێستمان لەسەری هەبێت.
تا ئێستە بەفەرمی كەس كاندید نەكراوە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی عێراق
ئەمڕۆ شەموو ناسر هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كورد لە دانانی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق ڕۆڵی دەبێت و دەبێ ئەو كەسەی دادەنرێت رەزامەندی ئێمەشی لەسەر بێت، بۆیە ئێمە مەرجمان بۆ هەر كەسێك هەیە، بەڵام تا ئێستە كەسێك دیاری نەكراوە.

زیاتر گوتی، ئێمە كاتێك كەسێك بە فەرمی دیاری كرا و بووە كاندیدی سەرۆك وەزیران و هاتە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێست و قسەمان دەبێت، ئێمە تەنیا دەمانەوێ ئەو كەسەی دیاری دەكرێت، لە داهاتوو دەبێت كار بە دەستوور بكات و هەركات بەڵێنی ئەوەی دا كورد لەگەڵی دەبێت، هەروەها نابێت دەست بۆ مافەكانی كورد ببات لە هیچ لایەنێكەوە.

غالب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ ناوێك بە سەرۆكایەتی كۆمار نەگەیشتووە بۆ كاندیدی حكوومەتی عێراق، ئەوەی باس دەكرێت هەمووی قسەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، ئەوەی بەلای كوردەوە گرنگە و قسە لەسەر هەر كەسێك بكات بۆ سەرۆك وەزیران ئەوەیە، كەسێكی باش بێت بۆ كورد، ئەگەر كاندیدی داهاتوو بە دڵی كورد نەبوو، ئێمە نوێنەری كوردین و هەڵوێستمان دەبێت.

میران محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، محەمەد سوودانی كە باسی لەسەر دەكرێت بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران، لەلایەن پێكهاتەی سائیروونی سەر بە موقتەدا سەدر ڕەتكراوەتەوە، چونكە سائیروون ئێستە كەسێك پەسەند دەكات كە هەڵبژێردراو و بە دڵی خۆپێشاندەران بێت.

هەروەها گوتی، هەر كەس ببێتە كاندید ڕامان بەو جۆرەیە كە كار بە دەستوور بكات و گرفت بۆ مافەكانی كورد دروست نەكات، هەروەها پرسی بودجە هاوكارمان بێت وەك عەبدولمەهدی، بەڵام جارێك هەڵوێستمان لەسەر كەس نییە، چونكە كەس دیاری نەكراوە بە فەرمی، هەڵوێست لەسەر كەسێك كاتێك دەبێت كەسەكە ببێتە كاندیدی فەرمی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل