سەرپەرشتیاری شەقامی 150 مەتری هەولێر كاتی تەواوبوونی بەشی یەكەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی كانوونی یەكەم، سەرتیپ قادر سەرپەرشتیاری دروستكردنی ڕێگەوبان لە كۆمپانیای هێمن گرووپ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاركردن لە شەقامی 150 مەتری هەولێر بەشێوەیەكی چڕ بەردەوامە و تیمەكانمان بەردەوامن لە كاركردن.
لە ساڵی 2020 بەشەی یەكەمی شەقامەكە تەواو دەبێت
سەرپەرشتیاری شەقامەكە گوتی، ژمارەیەكی زۆری پرد و شەقام لە شەقامی 150 مەتری هەولێر هەیە، بۆیە كاركردنی زۆری پێویستە و لە ساڵی 2020 بەشەی یەكەمی شەقامەكە تەواو دەبێت و بەڕووی شوفێران و هاووڵاتییان دەكرێتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەو شەقامە دەبێتە یەكێك لە شەقامە گرنگەكانی هەولێر و ڕووبەڕێكی فراوانی هەیە.
شەقامی بازنەیی 150 مەتری خێرا، مەوداكەی 70 كیلۆمەترە و بە چواردەورەی هەولێر دەسووڕێتەوە و ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە هەزار و 250 ڕۆژ واتا سێ ساڵ و چوار مانگە، لە 17ـی ئەیلوولی 2018 دەستی پێ كردووە.
شەقامی 120 مەتری هەولێر ئێستە لە قۆناغی كۆتادایە و ئەگەر هەر چواربەشی تەواو بێت جەنجاڵییەكی زۆری ڕێیەكانی هەولێر كەم دەكاتەوە و بەشێكی زۆری گەڕەكە نوێیەكانی هەولێری خستووەتەوە ناوشار.