قەیوان دیزاینی 100 مەترییەكەی سلێمانی دەگۆڕێ و كرچوكاڵ دەبێ

:: AM:08:52:15/12/2019 ‌

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی دوای نزیكەی نۆ ساڵ لە بڕیاری دروستكردنی، هێشتا دەست بە دروستكردنی نەكراوە. سەرۆكی لیژنەی پلان لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێ بەهۆی گۆڕینی بەشی زۆری دیزاینەكەیەوە بە ئامانجی كەمكردنەوەی تێچووی پرۆژەكە، 100 مەترییەكە كرچوكاڵ و بێ كوالیتی دەردەچێت. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆمپانیای "قەیوان"ی یەكێتی دەسكاری دیزاینەكەی كردووە.

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە سێ قۆناغ دروست دەكرێت، بۆ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە 470 ملیار دینار داوا كراوە، درێژییەكەی 32 كیلۆمەترە و بە ماوەی سێ ساڵ تەواو بكرێت، بەڵام دوای نزیكەی نۆ ساڵ، هێشتا دەست نەكراوە بە دروستكردنی و ئێستەیش دەستكاری دیزاینەكەی كراوە.

كوردۆ شابان بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بەو گوژمە زۆرەی داوا كرابوو بۆ دروستكردنی 100 مەترییەكەی سلێمانی، رازی نەبووە. بەڵام كۆمپانیای جێبەجێكار بە قەرز ئەو پڕۆژەیەی وەرگرتووە، بۆیە مەرجیان هەیە و دەستكاری دیزاینەكەی كراوە. 

كوردۆ دەڵێت، "ئەستەمە ئەنجوومەنی وەزیران بەو بڕە پارەیە رازی بێت كە داوا كراوە بۆ بەشی یەكەمی پڕۆژەكە، جگە لەمە نەخشەكە وەك جاران نییە و گۆڕاوە بۆ سێ سایدی رۆیشتن و هاتن".

ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 2011وە دەست كراوە بە دیزاینكردنی و تەنیا دیزاینەكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچووە، شەش ساڵ پێش ئێستەیش بەردی بناغەی دانرا، لەو ماوەیەدا دراوەتە سێ كۆمپانیا و لێیان وەرگیراوەتەوە، ئێستەیش رادەستی كۆمپانیایەكی ناوخۆیی كراوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆمپانیا ناوخۆییەكە سەربە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە بەناوی "قەیوان" و لە بەرانبەر بە قەرز جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا، دەسكاری دیزاینەكەی دەكات و ئەوەی جێبەجێ دەكرێت دیزاینە بنەڕەتییەكە نییە.

رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پلان لە ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی، پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆ، جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی سنووری سلێمانی كۆ بووەوە تا كۆنووسێك ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی جارێكی تر پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بخرێتەوە گەڕ، بەڵام ئەو كۆنووسە هیچی لە بەرژەوەندی پڕۆژەكە نەبوو.

نامیق ئاشكرای كرد، "هەوڵ دەدرێت ئەم پڕۆژەیە بچووك بكەنەوە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی بڕی تێچوونەكەی، بەشێك لە دیزاینەكەی بە جۆرێك دەستكاری كراوە كە كار لە كوالێتی پڕۆژەكە دەكات، لە كاتێكدا ئەگەر شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی دروست بكرێت، پێویستی بە 120 مەتری نابێت".

ئەم پڕۆژەیە سێ كابینەی حكوومەت و چوار وەزارەت و پێنج پارێزگاری شارەكەی گۆڕیوە 
بەگوتەی رەمەزان نامیق، ئەم پڕۆژەیە سێ كابینەی حكوومەت و چوار وەزارەت و پێنج پارێزگاری شارەكەی گۆڕیوە، هێشتا لە شوێنی خۆیەتی، بۆیە دەبێ پێداگری بكرێت تا بەپێی كوالێتی و دیزاینی خۆی دروست بكرێت.

"وشە" زانیاریی وردی دەست كەوتووە لەوەی دیزاینی پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە دەستكاری كراوە. بۆ بەدواداچوونی زیاتریش پێوەندی كرد بە ئازاد رەسووڵ لێپرسراوی بەشی نەخشەدانان لە شارەوانیی سلێمانی، بەڵام ئەو بێئاگایی خۆی لەو پرسە دەربڕی و گوتی، "من ئاگادار نیم دەستكاری دیزاینەكەی كرابێت، بەڵام ئێستە چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی ئەنجوومەنی وەزیرانین تا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە دەست پێ بكات".

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، حەوت یەكتربڕ و پێنج پردی پەڕینەوەی تێدایە، هەروەها تەواوی پڕۆژەكە 18 شەقامی لاوەكی ‌و شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەوەش پاڵەپەستۆ لەسەر ئەو شەقامانە كەم دەكاتەوە و كارئاسانی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەكات.

وشە/بەدواداچوونی رەوەز سەڵاح




وشە - وشه‌