دەرمانخانەكان پابەندی فرۆشتنی دەرمان نین و بە ویستی خۆیان نرخ لەسەر دەرمانەكان دادەنێن. تەندروستیی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە بەهۆی ئەوەی نرخی دەرمان یەك نەخراوە، ناتوانن لێپرسینەوە لە گرانفرۆشی دەرمانخانەكان بكەن.
لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێكی دەست پێ كرد بۆ دیاریكردنی نرخی دەرمان و بە هەزاران جۆر دەرمان نرخیان لەسەر دیاری كرا، بەڵام ئێستە دەرمانخانەكان پێوەی پابەند نابن. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، خەریكی دروستكردنی دامەزراوەیەكین كە لەو ڕێیەوە نرخی دەرمان و گرانفرۆشی كۆنترۆڵ دەكرێت.
لە سلێمانی دەرمانخانەكان جیاوازییەكی زۆر لە نرخی دەرماندا دەكەن
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، لە سلێمانی دەرمانخانەكان جیاوازییەكی زۆر لە نرخی دەرماندا دەكەن و هەر دەرمانخانەیەك بە نرخێك دەرمان دەفرۆشێت، یەكێك لەو دەرمانانە كە لە بەدواداچوونەكەی "وشە"دا نموونەیەكی لێ وەرگیراوە، مەڵحەمێكە بەناوی (markvir) و لە سێ دەرمانخانەدا هەریەكەیان نرخێكی هەبوو، ئەمەش دەریدەخات بێسەروبەری لە نرخی دەرمان هەیە و دەرمانخانەكان بە ویستی خۆیان نرخ دادەنێن.
ئەو جۆرە دەرمانە نرخەكەی یەك دۆلار و 34 سەنتە كە دەكاتە هەزار و 500 دینار، بەڵام لە دەرمانخانەی یەكەم بە چوار هەزار دینار دەفرۆشرا بە نەخۆش، لە دەرمانخانەی دووەم بە سێ هەزار دینار و لە دەرمانخانەی سێیەم بە دوو هەزار دینار دەفرۆشرا.
دەرمانخانەكانیش باسیان لەوە كرد كە زۆرجار بەهۆی جیاوازی لە نرخەكان تووشی گرفت دەبن لەگەڵ نەخۆش و هاووڵاتییان.
یەكێك لەو دەرمانخانانەی دەرمانەكەی بە سێ هەزار دینار دەفرۆشت، بە"وشە"ی گوت، "ئەو دەرمانە كە دێتە ناوەوە، كۆمپانیاكە نرخی لەسەر دادەنێت، دواتر بڕێك پارە دەچێتە سەری تا دەگاتە دەستی ئێمە، ئەوانیش بڕێك قازانج دەخەنە سەری و هیچ پێوەندییەك لە نێوان نرخ و وەزارەتی تەندروستی نییە".
ئاماژەی دا، "گرانفرۆش نین و بەردەوام لیژنەكان سەردانمان دەكەن، تەنانەت لەسەر سەرپێچی 300 هەزار دینار سزا دراون". ئەوەیشی نەشاردەوە كە هەندێك جار بەهۆی جیاوازی لە نرخەكان لە دەرمانخانەیەكەوە بۆ دەرمانخانەیەكی تر، لەگەڵ نەخۆش و هاووڵاتییان تووشی كێشە دەبن، چونكە هەر دەرمانخانەیەك و نرخەكەی جیاوازە.
ئەو دەرمانخانەیەی نرخەكەی لە هەموویان گرانتر بوو، تەنیا ئەوەندەی بۆ "وشە" گوت، "نرخ دیاری نەكراوە و ئێمەش لەبەر بارودۆخ و كەمفرۆشی نرخمان وا داناوە، دەرمانخانە هەیە ڕۆژانە بازاڕێكی زۆری هەیە و نرخی كەم و قازانجی كەم دادەنێ، دەرمانخانەیش هەیە فرۆشی كەمە و نرخی زۆر دادەنێت".
لە بەرانبەردا هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، بە"وشە" ئاماژەی دا، نرخی دەرمان تا ئێستە بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە و دەیانەوێ بۆ لەمەودوا نرخێكی نوێ بۆ دەرمان دابنێن، ئێستە نرخی دەرمان لە دەرمانخانەیەكەوە بۆ دەرمانخانەیەكی تر جیاوازی هەیە.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی زیاتر گوتی، "دەرمانەكان ئەو نرخانەی لەسەریان نووسراوە جیاوازییان هەیە، دەرمان هەیە لەسەری نووسراوە دۆلارێك، بەڵام لە شوێنێكی تر دوو دۆلار زیاترە، تا ئێستە وەزارەت نەگەیشتووەتە ئەوەی نرخێكی جێگیر بۆ دەرمان دابنێت و نازانین ئەو نرخانەی لەسەر دەرمانەكان هەن، نرخی حكوومەتن یان كۆمپانیا".
"بەهۆی ئەوەی نرخی دەرمان تا ئێستە یەكدەست نەكراوە، نەتوانراوە لەسەر گرانفرۆشی لێپرسینەوە و سزای دەرمانخانەكان بدەن" هێرش وای گوت.
هاوكات محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، وەزارەتی تەندروستی خەریكی دامەزراندنی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانە كە زۆر گەورە دەبێت، بەشی سەرەكی ئەو دامەزراوەیە بۆ چاودێریكردنی بازاڕ دەبێت بەتایبەتی لە نرخی دەرمان و كوالێتی.
ئەوەشی گوت، "جیاوازی نرخ لە دەرمانخانەكان هەیە، لیژنەكانی سەربە تەندروستی لە بازاڕدا بەردەوام لە گەڕاندان و سزای ئەو دەرمانخانانە دەدرێت ئەگەر نرخ لەو ستیكەرە زیاتر بە هاووڵاتی و نەخۆش بفرۆشن، ئەركی وەزارەتە نرخی دەرمان بۆ گرانفرۆشی و نەهێشتنی جیاوازی دەرمان نەهێڵێت".
"كاری وەزارەت دیاریكردنی نرخی دەرمانە بەبێ جیاوازی و بە نرخێكی گونجاو دەستنیشانی بكات" گوتەبێژەكە وای گوت. بەڵام نەیگوت كەی وەزارەتەكەی بەو كارەی خۆی هەڵدەستێت.