خۆپێشاندان و مانگرتنی ناڕەزایی لە عێراق بەردەوامە، هاوكات كێبەركێیەكی تری شەقام و هێزە سیاسییەكان هەیە لەسەر دیاریكردنی كانیدی حكوومەتی كاتی عێراق بۆ ئامادەسازیكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هاوپەیمانی "سائیروون"، دووپاتی دەكاتەوە كە كاندیدی هێزە سیاسییەكان رەت دەكەنەوە و دەبێت خۆپێشاندەران پەلە بكەن و كاندیدیان هەبێت.
گەورەترین فراكسین گەلە و ئەو كەسێك بۆ پۆستەكە دیاری دەكات
خۆپێشاندانەكانی عێراق كە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردوو دەستیان پێ كرد، تا ئێستە بەردەوامن و ژمارەی قوربانیان لەهەڵكشانە، دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دۆخەكە تا رادەیەك هێمن بووەتەوە، بەڵام ئێستە كێبەركێی خستنەڕووی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی كاتی لەنێوان شەقام و هێزە سیاسییەكان سەری هەڵداوە.
سەرچاوەیەك لە پارێزگای كەربەلا ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ یەكشەم خۆپێشاندەران رێگەی كەربەلا-توێریجیان داخستووە، لای خۆیەوە عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند كە كۆمسیۆنەكە سكاڵای ونبوونی 48 كەسی بەدەست گەیشتووە لە چالاك و خۆپێشاندەر و رفێنراو و كەسانی چارەنووس نادیار كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە زۆرینەی ئەوان تا ئێستە نادیار ماونەتەوە.
زیاتر گوتی، كۆمسیۆن ناتوانێت هیچ زانیارییەكیان لەبارەوە بەدەست بێنێت، چونكە ئەوانەی ئازاد كراون ترسیان هەیە و هیچ زانیارییەك نادەن، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو حاڵەتە جێی نیگەرانییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو باندانە ئازادن و رووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوە و حكوومەتی لەو رفاندنانە بەرپرسیارە.
لای خۆیەوە رەعد مەگسووسی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون" ئاماژەی كرد كە گەلی عێراق سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆیان دەوێت نەوەك كەسێكی دەستلەكاركێشاوە، وەك ئاماژە بۆ محەمەد شەیاع سوودانی، بۆیە ئەوان بەهیچ شێوەیەك دەنگ بە كاندیدی هێزە سیاسییەكان نادەن، روونی كردەوە، هەڵوێستی ئێمە روونە لەو بارەوە، ئێستە گەورەترین فراكسین گەلە و ئەو كەسێك بۆ پۆستەكە دیاری دەكات، بۆیە كاتەكە بۆ ئەو بابەتە زۆر نەماوە و پێویستە خۆپێشاندەران كاندیدی خۆیان پێشكەشی سەرۆك كۆمار بكەن.