عێراق.. هەڵمەتی رفاندن و كوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوامە

:: PM:04:56:15/12/2019 ‌

ئەمڕۆ لە بەغدا چەكدارانی نەناسراو خۆپێشاندەرێك دەكوژن و لە دیوانییەش یەكێكی تر بە سەختی بریندار دەكرێت و ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە 48 چالاك و خۆپێشاندەر رفێنراون و حكوومەت لەو كارانە بەرپرسیارە.
تا ئێستە 48 خۆپێشاندەر رفێنراون
خۆپێشاندانەكانی عێراق كە شێوازێكی ئاشتیخوازانەیان وەرگرتووە، لەلایەن هێزە تەناهییەكان و میلیشیاكانەوە بە شێوەیەكی دڕندانە سەركوت كران و دەكرێن، هەموو ئەوانەش بۆ ناچاركردنیان بۆ چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان و دەستبەرداربوونی دروشمەكانیان بە گۆڕینی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دوورخستنەوەی هێزە سیاسییە باڵادەستەكان بەسەر پرۆسەكە.

ئەمڕۆ لە بەغدای پایەتەخت وەك وێنەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كەسێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەی بەگولە لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراو بوە ماتۆرسكیلێكەوە كوژراوە و ناوی حەقی ئیسماعیل عەباس عەزاوییە و خاوەن كۆمپانیایەكی گەشتیارییە.

لە پارێزگای دیوانییە لە باشووری عێراق خۆپێشاندەرێك بەناوی سائر كەریم تەیب لەكاتی چوونەدەرەوەی لە ماڵەكەی لە گەڕەكی ئیسكان بۆمبێكی پێدا دەتەقێتەوە و بەسەختی بریندار دەبێت و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.  

رفاندن یەكێكی ترە لە چەكی سەركوتكردن و ترساندنی خۆپێشاندەران، عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژە دەكات ژمارەی رفێنڕاوەكان تا ئێستە گەیشتووەتە 48 كەس و زۆرینەیان چارەنووسیان دیار نییە و ئەوانەشی ئازاد كراون دەترسن زانیاری ئاشكرا بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق تا كۆتایی هەفتەی رابردوو ژمارەی كوژراوانی خۆپێشاندانەكانی عێراق گەیشتووەتە 511 كەس و ژمارەی بریندارانیش زیاتر لە 21 هەزارە و زۆرینەی ئەوان بە گولە و بۆمبی فرمێسكرێژ كراونەتە ئامانج و هەشت كچیش لەناو كوژراوان هەن.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل