عێراق.. رێوشوێنی راسپاردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ دەستی پێ كرد

:: PM:06:15:15/12/2019 ‌

وادەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ و راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە خەریكە كۆتایی دێت، سەرۆك كۆماری عێراق نووسراوێك ئاراستەی پەرلەمان دەكات لەبارەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بەمەبەستی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ و راسپاردنی.
تەنگژەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی سەرهەڵدەداتەوە
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە كە واژووی بەرهەم ساڵحی لەسەرە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستی لەكار كێشایەوە و پەرلەمانیش پەسندی كرد، ئێستەیش پێویست بە گەڕانەوە بۆ مادەی 76ی دەستوور دەكات بەوەی سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی نوێی وەزیران لە ماوەی 15 رۆژ راسپێرێت.

زیاتر هاتووە، بەمەبەستی راسپاردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران، تكایە ناوی گەوەرترین فراكسیۆنی پەرلەمانیمان بۆ رەوانە بكەن كە لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمان تۆمار كراوە، بۆ زانیاریتان نووسراوی قبووڵكردنی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە 4/12/2019 گەیشتووەتە سەرۆكایەتی كۆمار. 

پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاكە كێشە نییە لەبەردەم دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە حكوومەتێكی كاتی كە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، بەڵكو چەند كێشەیەكی ئاڵۆز و تێكهەڵكێش هەن، لەوانە دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی كە بەپێی دەستوور ئەو مافی پێشكەشكردنی كاندیدی هەیە و تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە كە هاوپەیمانی "ئیسڵاح و ئیعمار"ی سەر بە سەدرە یان "بینا"ی سەر بە هادی عامری.

هاوپەیمانی سەدر رای گەیاند كە گەل فراكسیۆنی گەورەیە و ئەو ماقەی خۆی بە خۆپێشاندەران دەدات بۆ دیاریكردنی كاندیدێك، لەوكاتەی هاوپەیمانی "فەتح" كە كرۆكی هاوپەیمانی "بینایە"، رای دەگەیەنن كە محەمەد شەیاع سوودانی كاندیدی ئەوانە و كاندیدی تریشیان ئامادەیە لەكاتی رەتكردنەوەی سوودانی، لەوكاتەی شەقام كاندیدی تەواوی هێزە سیاسییەكان رەت دەكاتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل