تارق حەرب: دەبێت پەرلەمان كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات

:: PM:07:10:15/12/2019 ‌

دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمان كرد بۆ دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بەمەبەستی خستنەڕووی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، تارق حەرب شارەزای یاسایی ئاماژە دەكات كە دەبێت پەرلەمان گەورەترین فراكسیۆن و كاندید دیاری بكات.
بەرهەم ساڵح تۆپە ئاگرینەكە هەڵدەداتە ناو پەرلەمان
عێراق كەوتووەتە بەردەم قۆناغێكی زۆر شڵۆق و ناهەمووارەوە، شەقامێكی ناڕازی بە كاندیدی هێزە سیاسییەكان و هێزە سیاسییەكانی ئامادە نین بە قبووڵكردنی كەسێكی دوور لەخۆیان و نزیك لە شەقام، لەو ناوەدا سەرۆك كۆماری عێراق تۆپەكە فڕێدەداتە پەرلەمان و ناچاری دەكات كە بەرپرسیارەتی دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن و كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاری بكات و ئەگەر هەیە ئەویش بۆ دادگای فیدراڵ بگەڕێتەوە.

حەرب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دوای نووسراوەكەی بەرهەم ساڵح گوتی، ئەو پشتی بە مادەی 76ی دەستووری عێراق بەستووە كە باسی ئەوە دەكات گەوەرترین فراكسیۆنی پەرلەمان كاندیدی سەرۆك وەزیران دەخاتە روو، بۆیە نووسراوەكە یاساییە و پێویستە پەرلەمان گەوەرترین فراكسیۆن دیاری بكات.

روونی كردەوە، ئەو نووسراوە وەك ئاگەداركردنەوەیە بۆ پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە و پێشكەشكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە بەرپرسیارەتی پەرلەمانە كە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان دیاری بكات تا رادەی 120 پەرلەمانتار.   

ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمان كرد و تیایدا هاتبوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستی لەكار كێشایەوە و پەرلەمانیش پەسندی كرد، ئێستەیش پێویست بە گەڕانەوە بۆ مادەی 76ی دەستوور دەكات بەوەی سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی نوێی وەزیران لە ماوەی 15 رۆژ راسپێرێت.

زیاتر هاتووە، بەمەبەستی راسپاردنی كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران، تكایە ناوی گەوەرترین فراكسیۆنی پەرلەمانیمان بۆ رەوانە بكەن كە لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمان تۆمار كراوە، بۆ زانیاریتان نووسراوی قبووڵكردنی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە 4/12/2019 گەیشتووەتە سەرۆكایەتی كۆمار. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل