حكوومەتی كاربەڕێكاری عێراق: پێنجشەم ئەركەكان رادەستی سەرۆك كۆمار دەكەین

:: PM:08:02:15/12/2019 ‌

بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق رای گەیاند كە بەپێی دەستوور ئەگەر تا رۆژی پێنجشەم لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ رێككەوتن نەكرێت، ئەركەكانی حكوومەت رادەستی سەرۆك كۆمار دەكرێت.
ململانێی "سائیروون" و "فەتح" دەگەڕێتەوە خانەی یەكەم
وەك لە راگەیاندنەكان باس دەكرا كە سێشەم دوا وادەی راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە نووسراوێك بۆ پەرلەمانی عێراق كە داوای دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لێ كرد، دووپاتی كردەوە كە نووسراوی قبووڵكردنی عادل عەبدولمەهدیان لە 4/12/2019 بەدەست گەیشتووە.

ولیەم وەردە ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕیِوە دەچێت، چونكە دەكەوێتە ناو ماوەی دەستووری دیاریكراو، روونی كردەوە، ماوەی دەستووری تەمەن و كاری حكوومەتی كاربەڕێكار پێنجشەمی داهاتوو كۆتایی دێت و ئەگەر تا ئەوكات رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆكی حكوومەت نەكرێت، ئەوكات حكوومەت ناچارە بەپێی یاسا ئەركەكانی رادەستی سەرۆك كۆمار بكات.

ئەمڕۆ محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" رای گەیاند كە هاوپەیمانی "بینا"، بە پاڵپشتی چەند فراكسیۆنێكی كورد و سوننە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانە و هاوپەیمانیەتییەكە تا ئێستە یەكگرتوو ماوەتەوە ترازانی تێ نەكەوتووە، بۆیە وەك گەورەترین فراكسیۆن و خاوەنی ژمارەی كورسی پێویست و زۆرینە كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەش دەكات.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل