پەرلەمانی عێراق: تا ئێستە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان تۆمار نەكراوە و دیار نییە

:: PM:08:36:15/12/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمان كرد بۆ دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و داوای دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی كرد بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاماژە دەكات كە تا ئەو ساتە پەرلەمان دیاری نەكردووە كە كام فراكسیۆن گەورەترینە.
هێزە سیاسییەكان دۆخەكە بەرەو سازانی نێوان خۆیان دوور لە خۆپێشاندەران ئاراستە دەكەن
بەرپرسێكی باڵا لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، ناكۆكی لەبارەی گەوەرترین فراكسیۆنی پەرلەمان دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2018 دروست بوو و هەمووان كەوتنە ناكۆكی و ململانێ بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، بۆیە ئەوكات هیچ فراكسیۆنێك داوای فەرمی پێشكەش نەكرد بۆ دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن.

روونی كردەوە، ئەوكات فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دوای رێككەوتن و سازان لەسەر عادل عەبدولمەهدی ئەو پرسەیان فەرامۆش كرد و پێویستی نەكرد گەورەترین فراكسیۆن دیاری بكرێت، بۆیە هیچ فراكسیۆنێك داوای فەرمی پێشكەش نەكرد بۆ راگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆن. 

دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار داوای لە پەرلەمان كرد كە گەورەترین فراكسیۆن دیاری بكات بۆ راسپاردنی كاندیدی بەپێی دەستوور بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئێستە ململانێی هەردوو هاوپەیمانی "ئیسڵاح و ئیعمار" كە هاوپەیمانی "سائیروون"ی سەر بە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات و هاوپەیمانی "بینا" كە هاوپەیمانی "فەتح"ی هادی عامری رابەرایەتی دەكات، نوێ بووەوە، لەوكاتەی سەدرییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەوان فراكسیۆن گەورەن و مافی دیاریكردنی كاندید دەدەنە خۆپێشاندەران، هاوپەیمانی فەتح دووپاتی كردەوە كە ئەوان وەك فراكسیۆنی گەورە كاندید دیاری دەكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل