بەهۆی ئەنفلەوەنزای بەرازەوە هاوردەكردنی چەند بەرهەمێك لە ئێرانەوە ڕاگیراوە

:: PM:11:01:15/12/2019 ‌

لە چەند شارێكی ئێران ئەنفلۆنزای بەراز بڵاو بووەتەوە و لایەنە پێوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكەن كە بەو هۆیەوە هاوردەكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ و باڵندەی لێوە قەدەغە كراوە.
ئامادەكاری كراوە و ژوری عەمەلیات پێك هێنراوە
ئەمڕۆ یەكشەم سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە و بەراز لە ئێران، هاوردەكردنی چەند بەرهەمێك لە ئێرانەوە بۆ هەرێم، بە تایبەت بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگیراوە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هاوردەی پەلەوەر و باڵندەی لێوە هاوردە ناكرێت، چونكە مەترسی هەیە لێرەش ئەو نەخۆشییە بڵاو ببێتەوە، بەو پێیەی هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوردەی ئەو بەرهەمانەی ڕاگرتووە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی روونی كردەوە، لە ناوچەی سلێمانی و هەرێمیش ترسی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە زۆر كەمە، بەڵام ئامادەكاری كراوە بۆ هەر حاڵەتێك، بەو پێیەی ئەنفلۆنزای وەرزی هەیە.

دووپاتی كردەوە، لەگەڵ ئێران لە چەند مەرزێكەوە هاوسنوورین لە پارێزگای سلێمانی و قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ هەرێم و بە تایبەت سلێمانی زۆر بووە و ڕۆژانە هەزاران تۆن لە كەلوپەل و خۆراك و مادەكانی تر قەبارەی بازرگانی ئێمەیە لەگەڵ ئێرانە.

لای خۆیەوە هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ڕووبەڕوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی ئامادەكاری كراوە و ژوری عەمەلیات پێك هێنراوە و ساڵانەش چەند حاڵەتێك تۆمار دەكرێن، بەڵام ڕێژەكە زۆر كەمە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل