ناكۆكییه‌كانی نێوان ڕه‌وتی سه‌در و میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق جارێكی تر سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده به به‌رده‌وامی به دیوه شاراوه‌كه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌بووه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی سیاسی ئێسته و خۆپێشاندان و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، به قووڵی ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوو ڕه‌وته‌كه‌یان ده‌رخستووه و له دیوه شاراوه‌كه‌وه بۆ واقیع ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و هه‌مووان به ئاسانی هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن.
ئه‌و ناكۆكییه‌كانه هه‌رچه‌نده ڕیشه‌یه‌كی كۆنیان هه‌یه، به‌ڵام ئێسته له‌لایه‌ن سوپای ئه‌لیكترۆنی هه‌ردوو ڕه‌وت به توندی هێرش ده‌كرێته‌سه‌ر یه‌كتر و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه كۆنه‌كان له یه‌كتر ده‌كه‌ن، به تایبه‌ت تاوانه‌كانی هه‌ردوو گرووپ له ساڵانی 2006 و له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعش، كه ئه‌مه‌یش به ڕوونی خۆی له پرۆسه‌ی شه‌ڕی مه‌زه‌وی ده‌بینێته‌وه، كه وه‌ك شاره‌زایان باسی لێوه ده‌كه‌ن، چه‌كدارانی هه‌ردوو ڕه‌وت ڕۆلیان له قووڵكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه هه‌بووه و ده‌ستیان به خوێنی سوننه‌كان سووره، چه‌ندان تاوانی گه‌وره‌یان دژ به خه‌ڵكی بێ‌تاوان ئه‌نجام داوه، ماڵ و سامانی خه‌ڵكیان بردووه، له چوارچێوه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی.
ئه‌و شه‌ڕه كه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه زۆر قووڵبووه‌ته‌وه و هه‌مووان تویت و پۆست له‌سه‌ر یه‌كتر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و یه‌كتر به كوشتنی خه‌ڵكی بێ‌تاوان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌ی تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی گه‌وره ده‌ده‌نه پاڵ یه‌كتر، هاوكات وشه‌كانی "سده، عه‌لاسه و كبلسه" ده‌ڵێنه‌وه، كه چه‌ند وشه‌یه‌كی میلین به زاراوه‌ی عه‌ره‌بی عێراق و پێوه‌ستن به‌و تاوانانه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان له دژی سوننه له ماوه‌ی 2006 تا 2008 ئه‌نجامیان داوه.
به هه‌ڵدانه‌وه‌ی تاوانه‌كانی پێشوو هه‌وڵی شكاندنی یه‌كتر ده‌ده‌ن
سه‌ركرده‌یه‌كی باڵی هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه باڵی سیاسی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" گوتی، ناكۆكییه‌كان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له نێوان هه‌ردوو سه‌ركرده شیعه‌كه و لایه‌نگرانی بوونیان هه‌یه، به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌وڵه‌كان و ده‌سپێشخه‌ری نێوه‌ندگیری توانیویانه ڕێگری له سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكییه‌كان به ئاشكرا بكه‌ن، بگره ته‌نیا به‌شێوه‌یه‌یك شاراوه ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێسته هه‌موو سنووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و شه‌ڕی میدیایی به‌رنامه بۆ دانراو به چڕی له نێوان هه‌ردوولا ده‌ستی پێ كردووه.
هۆكاری قووڵبوونه‌وه و ئاشكرابوونی ناكۆكییه‌كان، بۆ جیاوازی بیركردنه‌وه‌ی سه‌در و خه‌زعه‌لی ده‌گه‌ڕێته‌وه له به‌رانبه‌ر خۆپێشاندانه‌كان، یه‌كه‌میان پشتیوانی خۆپێشانده‌ران ده‌كات و ڕێگری له دانانی كاندیدی لایه‌نه شیعه‌كان بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات، دووه‌میشیان كه نزیكه له ئێرانه‌وه ده‌یه‌وێ هاوشێوه‌ی ئێران به ده‌ستێكی به‌هێز ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران ببنه‌وه و سه‌ركوتیان بكه‌ن.
سه‌ركرده‌كه‌ی فه‌تح ده‌ڵێ، برینداربوونی سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌سائیب له مانگی ڕابردوو، دوای هێرشی خۆپێشانده‌ران بۆ سه‌ر باره‌گای عه‌سائیب له پارێزگای میسان، به ته‌واوی ئه‌و گرووپه‌ی دژی خۆپێشانده‌ران تووڕه كردووه، به‌شێكیش له سه‌ركرده‌كانی عه‌سائیب دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه لایه‌نگرانی سه‌در له پشت هێرشكردنه سه‌ر باره‌گای عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قن له پارێزگای میسان، بۆیه ده‌ستیان به دژایه‌تیكردنی سه‌در كردووه و زۆرترین ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن و دژایه‌تی توندی خۆپێشانده‌رانیش ده‌كه‌ن، مه‌ترسیش هه‌یه ئه‌و ناكۆكییانه بته‌قێته‌وه و سه‌ر بكێشێ بۆ شه‌ڕی خۆبه‌خۆیی له نێوان لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در و قه‌یس خه‌زعه‌لی، گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به هه‌ردوولا.
عه‌قیل لامی توێژه‌ر له بواری گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق له‌وباره‌وه گوتی، قه‌یس خه‌زعه‌لی به وردی له‌وه تێ ده‌گات، كه ده‌ستكردن به ڕووبه‌ڕووبووه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان كارێكی ئاسان نییه، چونكه هه‌م له ڕووی سیاسی و مه‌یدانی و جه‌ماوه‌ریییه‌وه‌یش پێگه‌ی له ئاستی موقته‌دا سه‌در نییه، به‌ڵام ئێران هانیان ده‌دا تا ناكۆكییه‌كان قووڵ ببێته‌وه و دۆخه‌كه له خواستی جه‌ماوه‌ری بۆ ناكۆكی سیاسی بگۆڕێ، تا سه‌ره‌نجام خۆپێشانده‌ران سه‌ركوت بكرێن و كۆتایی‌یان بێت.
خه‌زعه‌لی پێشتر فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای مه‌هدی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در بوو و له سه‌در هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه
زیاتر گوتی، خه‌زعه‌لی خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ كه پێگه‌ی هاوشێوه‌ی سه‌در بێ و خه‌ڵك له ده‌وری كۆ ببنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و نه له ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه و نه له ڕووی ئاینییه‌وه ناتوانێ لاسایی سه‌در بكاته‌وه، چونكه هه‌مووان وه‌كو سیاسییه‌كیش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، بگره وه‌كو سه‌رۆكی گرووپێكی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران لێی ده‌ڕوانن، له‌به‌ر ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ له ململانێكان سه‌ربكه‌وێت، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكردووه، كه نه‌وێرێت به ئاشكرا ده‌ست به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسی سه‌درییه‌كان بكات.
قه‌یس خه‌زعه‌لی پێشتر یه‌كێك بوو له سه‌ركرده‌كانی سوپای مه‌هدی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در، دواتر له گرووپی سه‌در و سوپاكه‌ی جیابووه‌وه و گرووپێكی میلیشیایی تایبه‌ت به‌خۆی به‌ناوی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق دامه‌زراند، ئه‌مه‌یش به پشتیوانی ڕاسته‌وخۆی ئێران بوو، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌ی سوپای مه‌هدی بدۆزێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی سه‌در له 2006 به فشاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان سوپاكه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.