150 گوندی كوردستان هێشتا كارەبای نیشتمانییان هەر پێ نەگەیشتووە

:: AM:09:30:16/12/2019 ‌

لە هەموو هەرێمی كوردستان 150 گوند هەن كە هێشتا كارەبای نیشتمانییان پێ نەگەیشتووە، پشكی شێری كەمی ئەو خزمەتگوزارییەش بەر گەرمیان كەوتووە. لەو ناوچەیە 44 گوند كە تێكڕای خەڵكەكەیان بەجێماوی ئەنفالن و دەیان شەهیدی سەنگەریان هەیە، كارەبایان نییە.

گوندەكان دەكەونە شارەدێی ئاوەسپی لە سنووری شارۆكەی كفری كە دوا بەشی گەرمیانن و هاوسنووری شارۆكەی چەمچەماڵن. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پێشتر بەڵێنی گەیاندنی كارەبا بە خەڵكی ئەو ناوچانە درابوو، بەڵام بەڵێنەكان جێبەجێ نەكراون. هاوكات بەڕێوەبەری كارەبای گەرمیانیش كەمی داهات بە هۆیەك لە قەڵەم دەدا بۆ گەیاندنی كارەبا بەو گوندانە.  
فاتیح محەمەد هاووڵاتییەكی ناوچەكەیە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، گوندەكان لەلایەن حزبی بەعسی رووخاوەوە بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و زۆرترین خەڵكیان بوونەتە قوربانی، دەبوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەلەی بكردایە لە گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانە، بەڵام هەنگاوی پێویست و گرنگ لەوبارەوە نەگیراوەتەبەر. 

فاتیح ئەوەیشی خستەڕوو، هەندێك لەو گوندانە جگەلە ئەنفال، دەیان شەهیدی سەنگەری حزبە كوردستانییەكانیان تێدایە كە تا شاڵاوی ئەنفال دژ بە رژێمی بەعس جەنگاون. بۆ نموونە تەنیا لە گوندی "سپی سەر" 33 شەهیدی سەنگەر هەن.

ئەنفال پرۆسەیەكی قڕكردنی كورد بوو لەلایەن حزبی بەعسی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەدامی لەداردراو, تێیدا 182 هەزار كورد لە ساڵانی 1983 تا 1988 لە هەشت قۆناغدا لەناوبران.

ئیسماعیل حەسەن دانیشتوویەكی تری ناوچە بێ كارەباكە، بۆ "وشە" بایەخێكی تری ناوچەكەی خستەڕوو، ئەویش ئەوەیە گوندەكانی ئاوەسپی، شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە چەمچەماڵەوە دەبەستنەوە، بۆیە بۆ حكوومەتیش گرنگە كارەبای نیشتمانی بۆ ئەو گوندانە رابكێشێت. 
پێشتر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی گەیاندنی كارەبا بە خەڵكی گوندەكان درابوو.

ئەو روونی كردەوە كە خەڵكی گوندەكان خۆیان موەلیدەیان داناوە و ناو بەناو لەڕووی دابینكردنی گازەوە حكوومەت هاوكارییان دەكات.
لە بەرانبەردا كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2018، نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و لە نزیكەوە داواكاریی چەند گوندێكی تری گەرمیانیان پێ گەیاند، ڕایان گەیاند كە ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێنی داوە تێچووی گەیاندنی كارەبا بۆ 44 گوندی گەرمیان دابین بكات، ئەو دڵنیایی دا كە ئەو گوندانە كارەبایان پێ دەگات لە نزیكترین كاتدا، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە و تەنیا بەڵێنێكی بێ كردار بووە.

كەریم روونی كردەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ڕزگار محەمەد ئەندامی پەرلەمان و مامۆستا محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجوومەن، سەردانی وەزیری داراییان كرد و داواكاریی بەشێك لەو گوندانەیان گەیاند بە وەزیری دارایی كە بە نووسراوی ڕەسمیی وەزارەتی كارەبا پێشتر ئاراستەی وەزارەتی دارایی كرابوو، بەڵام بەبیانووی وەستانی پڕۆژەكانەوە، وەزارەتی دارایی هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردن و تەرخانكردنی بودجە نەناوە.

جگە لەمە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرسێ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك، سەردانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كرد و كۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كرا و هەمان داواكاری گوندەكانیشیان رادەست كردن. 

وەك كەریم عەلی خستیەڕوو، لە داهاتووشدا وەك لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ گەیاندنی كارەبا بەهەموو گوندە بێ كارەباكانی گەرمیان و سنووری سلێمانی.

لەلایەكی ترەوە حازم كەریم بەڕێوەبەری كارەبای گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، كارەبای نیشتمانیمان گەیاندووەتە زیاتر لە 200 گوندی گەرمیان. ئەوەشی خستەڕوو "لە سنووری گەرمیان 44 گوند كارەبای نیشتمانییان نییە، پێشتر هەوڵەكانمان چڕ كردبووەوە بۆ ئەوەی كارەبا بەو گوندانەیش بگەیەنین، بەڵام تەنگژەی دارایی بەسەریدا هات و نەمانتوانی لەو هەنگاوەدا سەركەوتوو بین".

لەبارەی ئەوەی بۆچی بۆ گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ ئەو گوندانە نەیانتوانیوە پشت بە داهاتی كارەبا خۆی ببەستن، ئەو گوتی "بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا دەتوانن سوود 8%ی داهاتی كارەبا وەربگرن و ئەوەش كەمە، ئەگەر تەنگژەی دارایی ساڵانی رابردوو نەبووایە بە گرفت، ئەوا كارەبا بەو گوندانە دەگەیشت، چونكە تەنیا گوندەكانی سنووری شارەدێی ئاوەسپی ماون كارەبایان بۆ دابین بكرێ".
پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكرێ كە زۆر لە گوندەكانی گەرمیان جیاواز لە هەندێك ناوچەی تر، درەنگ خەڵكیان بۆ گەڕایەوە و ئاوەدان كرانەوە، ئەوەش كاریگەریی هەبووە لە گەیاندنی كارەبا بۆ ئەو گوندانەی تا ئێستە كارەبای نیشتمانییان نییە.

21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دانیشتووانی حەوت گوندی سنووری شارەدێی ئاوەسپی بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتمانی گرد بوونەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە تا ئێستە لە گەرمیان 44 گوند كارەبای نیشتمانییان پێ نەگەیشتووە.

لە بەرانبەردا ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، بەو گوندانەی گەرمیانەوە زیاتر لە 150 گوندی كوردستان بێ كارەبان.

عەدنان ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی ئاوەسپی كە دواین بەڕێوەبەرە لەو ناوچەیە پۆستی وەرگرتبێ، لەڕێی "وشە"وە نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامی كێشەی كارەبا لەو گوندانە. 

ئەوەشی خستەڕوو، خۆی ساڵێكە بووەتە بەڕێوەبەری شارەدێكە و پێشتریش گرفتی نەبوونی كارەبا لە گوندەكانی ئەو سنوورە هەر هەبووە. 
بەگوتەی خۆی "تەنیا توانیویەتی سەرووی خۆی و لایەنە پێوەندیدارەكانی لێ ئاگادار بكاتەوە كە پەلە بكەن لە چارەسەركردنی گرفتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیی گوندەكانی ئاوەسپی".

وشە/بەدواداچوونی سەبری هۆرێنی







وشە - وشه‌