بەیانی ڕۆژی ئاڵای كوردستانە

:: AM:10:37:16/12/2019 ‌
بڕیارە سبەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان بەرز ڕابگیرێت و بەو بۆنەیەوە چەندان چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی كانوونی یەكەم، ڕێباز كاكەوەیس ئەندامی لیژنەی چالاكییەكانی ڕۆژی ئاڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەندان چالاكی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان لە ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوە دەچن و لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیش چالاكیمان دەبێت.

لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش گفتوگۆ كراوە 
باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەو ڕۆژە گرنگی پێ‌ بدرێت و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش گفتوگۆ كراوە هیچ ڕێگرییەك نییە لەبەركردنی جلی كوردی.

ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، لە ڕۆژی 22 /1/1946 و لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە هێمای كۆماری كوردستان.

لە ساڵی 2009دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت، لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێن و نوێ بكرێنەوە، هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك بەئاڵای فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.





وشە - رامیار جەواد