كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان دواخرا

:: AM:11:02:16/12/2019 ‌
بۆ یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق و پشتگیریی لە كاندیدی جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، بڕیار بوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەكانی ئەو هێزانە كۆ دەبێتەوە كە لیستیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە. سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێ، كۆبوونەوەكە دواخراوە و كاتیش دەستنیشان نەكراوە.

بڕیار بوو سەعات 11ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەم 16ى كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەی ئەو هێزانە كۆ ببێتەوە كە لیستیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر دەستنیشانكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كۆ دەبێتەوە.

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە چاوەڕوان دەكرا وەك نوێنەری حزبەكەی بەشداری لە كۆبوونەوەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ "وشە" رای گەیاند كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان پێی وایە هەڵوێستی یەكگرتووی كوردستانی لە وەها دۆخێكی عێراقدا نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ كەركووك و مووسڵیش زۆر زۆر گرنگە
سەعدی لەبارەی یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان پێی وایە هەڵوێستی یەكگرتووی كوردستانی لە وەها دۆخێكی عێراقدا نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ كەركووك و مووسڵیش "زۆر زۆر گرنگە"، هێمای بۆ ناڕەزایەتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كرد كە لە ئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و خراپی دۆخی ئابووری روو دەدەن، بەڵام لە كوردستان ئەو دۆخە جیاوازە و بە "هەموو كەموكوڕیەكانییەوە زۆر باشترە".

پێوەند بەو ناوانەی لە میدیاكانی عێراقی بڵاو دەكرێنەوە وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، سەعدی پیرە دەڵێ، ئەو پۆستە بەپێی رێككەوتن بەر شیعە كەوتووە، وەك لایەنە كوردستانییەكانیش مامەڵە لەگەڵ ناو ناكەن هێندەی مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆك دەكەن، گوتی "بۆ ئێمە پێوەر ئەوەیە بەشێك لە شەقام قبووڵی بێت، پێویستە كەناڵیش لەگەڵ خۆپێشاندەران بدۆزرێتەوە تا قسەی لەسەر بكەن"، زیاتر گوتی "ئێمە ناتوانین لەگەڵ تاك رێككەوتن بكەین، بەڵكو لەگەڵ حزبەكان رێككەوتن دەكەین".

پێوەند بە چارەنووسی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر بودجە، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوە دا كە لە رێككەوتنی نێوان دەوڵەتاندا رێككەوتنەكان هەڵناوەشێنەوە بە هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتەكان، بۆیە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، زیاتر گوتی "بۆ یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا پڕۆژەیەكی هاوبەشیان هەبێت لە پەرلەمانی عێراق، جگە لەمەش لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەبێت جۆرێك رێككەوتنیان هەبێت لەگەڵ لایەنە عێراقییە لەسەر بنەمای دەستوور كە عێراق بە هاوئاهەنگی بەڕێوە دەچێت، خاڵی سێیەم كە گرنگە دەبێت لایەنە شیعەكان ئەوە قبووڵ بكەن كە كێشە لە بەغدا دەستوور و یاسا نییە، بەڵكو جێبەجێ نەكردنیەتی، واتە كێشە لە یاسالادان و گەندەڵییە".




وشە - فه‌رمان سادق