" سەرۆكی حكوومەت بە بایەخەوە لە گەشتوگوزار دەڕوانێت"

:: PM:12:16:16/12/2019 ‌

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەرۆكی حكوومەت گرنگی زۆر بە كەرتی گەشتیاری دەدات و بە بایەخەوە لە كەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار دەڕوانێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی یەكەم، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سلێمانی كرد و بۆ میدیاكان ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش درێغی ناكات لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی تایبەت بە كەرتی گەشتیاری و شوێنەوارییەكان.

وەك سەرچاوەیەكی تری داهات بۆ حكوومەت و پێشاندانی كولتوور و جوانییەكانی كوردستان بە گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەكی دەڕوانێت 
وەزیری شارەوانی گوتی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بایەخێكی زۆر بە كەرتی گەشتیاری دەدات وەك سەرچاوەیەكی تری داهات بۆ حكوومەت و پێشاندانی كولتوور و جوانییەكانی كوردستان بە گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەكی دەڕوانێت.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت خۆیشی بە بایەخەوە لە كەرتی گەشتیاریی و شوێنەوار دەڕوانێت و كاری رژد لەمبارەیەوە دەكات.

سەردانی وەزیری شارەوانی بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگەداربوون لە كێشە و گرفتەكانی شارەوانی سلێمانی بوو تا كێشەكان چارەسەر بكرێت.


 



وشە - رامیار جەواد