كورد و سوننە هەڵوێستیان لەسەر كاندیدی شیعەكان بۆ سەرۆك وەزیران ئاشكرا كرد

:: PM:12:17:16/12/2019 ‌
هاوكاتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدی شیعەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، كورد و سوننە هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن. سەركردەیەكی رەوتی حیكمە دەڵێ، كورد و سوننە بە هێزە شیعەكانیان گوتووە كە خۆیان یەكلا بكەنەوە لەسەر كاندیدێك تا پشتگیری بكەن بە مەرجێك ئەوانیش پشتگیری لە كاندیدی ئەوان بكەن بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆك پەرلەمان.

ئەمڕۆ دووشەم 16ى كانوونی یەكەم، محەمەد حوسێنی سەركردە لە رەوتی حیكمە كە عەماڕ حەكیم سەركردایەتی دەكات، رای گەیاند، هێزە كوردستانی و سوننەكان پەیامی ئەوەیان بە هێزە شیعەكان داوە كە لە نێوان خۆیان لەسەر كاندیدێك رێككەوتن بكەن تا ئەوانیش پشتگیری بكەن، گوتی "مەرجی ئەوان بەرانبەر بەو پشتگیرییە ئەوەیە هێزە شیعەكانیش پشتگیری لە كاندیدی كورد و سوننە بكەن بۆ پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی داهاتوو".

كود و سوننە بۆ شیعە: بە مەرج پشتگیری لە كاندیدتان دەكەین بۆ پێكهێنانی حكوومەت


قسەكانی حوسێنی لە كاتێكدایە ئەمڕۆ پەرلەمان لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆ دەبێتەوە و محەمەد شیاع سوودانی دیارترین بەربژێری بەشێك لە هێزە شیعەكانە كە هاوپەیمانی سائیروون و شەقام رەتی دەكەنەوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح و هەندێك لایەنی تری شیعەش پشتگیریی دەكەن. 

حوسێنی ئاماژەی بەوەداوە كە گەورەترین زیانمەند لەم دۆخەدا هێزە شیعەكانن بەو پێیەی تەنگژەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە، گوتی "ئەگەر لە نێوان خۆمان نەگەین بە رێككەوتن، ئەوا گەورەترین زیانمەند هێزە شیعەكان دەبن". 

حوسێنی ئاشكرای كرد كە هێزە كوردستانی و سوننەكان پەیامی زارەكیی ئەوەیان بە شیعەكان داوە بەوەی پشتگیری لە هەر بەربژێرێكی شیعە دەكەن ئەگەر هێزە شیعەكان كۆدەنگ بن لەسەری، بەرانبەر بەوەش مەرجی ئەوەیان هەیە كە هێزە شیعەكانیش بێ دەستوەردان و قسەكردن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان، پشتگیری كاندیدی كورد و سوننە بكەن.

جێی باسە دوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی، محەمەد شیاع سوودانی دیارترین بەربژێری بەشێك لە هێزە شیعەكانە، بەڵام لەلایەن هاوپەیمانی سائیروون و موقتەدا سەدر خۆی رەت كرایەوە پشتگیری لێ بكرێت.

هاوشانی سوودانی، ناوی ئیبراهیم بەحرولعلوم یەكێكی ترە لەو ناوانەی كە كاندیدن، بەڵام تا ئێستە هیچ لایەنێكی شیعە پشتگیریی نەكردووە، هاوكات سوودانی و بەحرولعلومیش لەلایەن خۆپێشاندەران رەت كراونەتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق