پرۆژەیەكی گرنگ بۆ قوتابیان ڕادەگەیەندرێت

:: PM:01:26:16/12/2019 ‌
سەنتەری خامە بە سەرپەرشتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پڕۆژەی (قوتابی خوێنەر) ڕادەگەیەنێت و پڕۆژەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت و داشكان بۆ قوتابیان دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی كانوونی یەكەم، هۆگر بەهادین بەڕێوەبەری سەنتەری خامە بۆ "وشە" گوتی، ئەم پرۆژەیە لە پێناو ئەوەیە قوتابیان بخوێننەوە و هانیان بدەین بۆ ئەوەی هاوڕێی هەمیشەیی و بەردەوامیان كتێب بێت. ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئەم پڕۆژەیەین و رۆژی چوارشەم 18ـی ئەو مانگە پڕۆژەکە ڕادەگەیەنین.

پرۆژەكە خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی كارتێكی داشكان بۆ قوتابیان
بەڕێوەبەری سەنتەری خامە ئاشكرای كرد، پرۆژەكە خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی كارتێكی داشكان بۆ قوتابیان، ئێمە لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ 37 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە و كتێبخانە ڕێككەوتووین، داشكانی تایبەت و دیاریكراو بكەن بۆ هەر قوتابییەك کە هەڵگری ئەم كارتەیە. لە سەر كارتەكە ناوی هەموو دەزگا و كتێبخانەكان و ڕێژەی داشكاندنەكان نووسراوە لە %20 بۆ %50 داشكاندنیان بۆ دەکرێت.

باسی لەوەشكرد، بۆ ماوەی یەك ساڵە كارتەكە كارا دەبێ و قوتابیان دەتوانن سوودمەندبن لەم داشكاندنە، داشكانەكە سەرتاسەرییە و هەموو كوردستانی گرتۆتەوە، هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆژەكە، پێشانگەیەكی سێ ڕۆژە بۆ نۆ دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە هەولێر دەكەینەوە كە داشكانی گەورە لە كتێب دەكەن.











وشە - رامیار جەواد