پەرلەمان یاسای رێكخستنی ریكلامی بارزگانی پەسند كرد

:: PM:01:39:16/12/2019 ‌
كەمێك پێش ئێستە پەرلەمانی كوردستان یاسای رێكخستنی ریکلامی بازرگانی پەسند كرد كە لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی پەرلەمان پاش خستنەڕووی راپۆرتی هاوبەشی لیژنە پێوەندیدارەكان، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پەسند كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی كانوونی یەكەم، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی كۆتایی لەسەر پڕۆژە یاسای رێكخستنی ریکلامی بارزگانی لە هەرێمی كوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران گۆڕانكارییەكان بەسەر ناوەڕۆك و مادە و بڕگەكاندا هات و پاشان بە دەنگی 82 ئەندامی پەرلەمان، پڕۆژەكە وەك یاسا سەند كرا.

بە دەنگی 82 ئەندامی پەرلەمان پڕۆژە یاسای رێكخستنی رێكلامی بازرگانی پەسند كرا


پڕۆژەكە لە 15 مادە پێكهاتووە و دابەشی سەر چوار بەش كراوە، دوای زیاتر لە سەعاتێك گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی هاوبەشی لیژنە پێوەندیدارەكانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەكە، بە دەنگی پەرلەمانتاران یەكلا كرایەوە و دەنگیان پێدا.

لە كۆتا بەشی یاساكەدا هۆیەكانی دەرچوواندنی یاساكە خراوەتەڕوو كە لەبەر گرنگی ریکلام بۆ خزمەتكردنی بەركابەر و گەشەپێدانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە هاووڵاتییان و دروستكردنی كێبڕكێی دروست بۆ بە بازاڕكردن و كەمكردنەوەی لایەنە خراپ و زیانبەخشەكانی ریکلام، یاساكە دەرچووێنراوە.

دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە و كردنی بە یاسا، لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بوو كە بڕگەی یەكەمی پڕۆژە یاسای چاكسازی خوێنرایەوە و بڕیارە لە بڕگەی سێیەمیشدا پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكراوە عەقڵییەكان بكات.


وشە - فه‌رمان سادق