بازاڕی نیشتمان بەڕووی پاسەكان داخرا

:: PM:02:24:16/12/2019 ‌
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر ئاشكرای دەكات، بازاڕی نیشتمان بەڕووی پاسەكانی هەولێر داخراوە و كێشەكە لە دادگایە و چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی كانوونی یەكەم، عەبدولخالق عەلی بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كێشەیەك هەیە لەسەر شوێنی وەستان و دەرگای چوونە ژوورەوەی پاسەكان و كەسێك سكاڵای تۆمار كردووە لەسەر كۆمپانیایەك و كێشەكە لە دادگایە.

دادگا ئێستە بڕیاری داوە دەرگای پاسەكان دابخرێت 
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر گوتی، دادگا ئێستە بڕیاری داوە دەرگای پاسەكان دابخرێت و كێشەكە لە دادگا بەردەوامی هەیە و چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی دادگاین بۆ كۆتایی هێنان بەو كێشەیە.

ڕوونی كردەوە، بەشێوەیەكی كاتی ئێستە پاسەكان لەبەردەم شوێنەكە دەوەستن ئەوەیش بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان دروست نەبێت تا كیشەكە چارەسەر دەبێت.

لە سەرجەم گەڕەكەكانی هەولێر پاسی گواستنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین كراوە و شوێنی گواستنەوەی هاووڵاتییانیش لەناو بازاڕی گەورە لە ناو بازاڕی نیشتمان دیاری كراوە و پاسەكان لەوێ‌ كۆ دەبنەوە.




وشە - رامیار جەواد