هاوكاتی ئەگەری كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەكلا كردنەوەی كاندیدی پێكهێنانی حكوومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دیار نییە پەرلەمان كۆ دەبێتەوە یان نا، چونكە هێشتا لیستی گەورەی پەرلەمانی پێك نەهێنراوە و ناوی هیچ كاندیدێكیش بە سەرۆكایەتی نەدراوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەم 16ی كانوونی یەكەم، لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە بە مەبەستی دەستنیشانكردنی كاندیدی پێكهێنەری كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستە پەرلەمان كۆ نەبووەتەوە.
هێشتا لیستی زۆرینە پێك نەهێنراوە و كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەستنیشان نەكراوە
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" دەڵێ، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم، دیار نییە پەرلەمان كۆ دەبێتەوە یان نا، چونكە تا ئێستە لیستی گەورەی پەرلەمانی دەستنیشان نەكراوە و ناوی هیچ كاندیدێكیش بە سەرۆكی پەرلەمان نەدراوە بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
بەگوێرەی یاسا، ئەمڕۆ دووشەم 16ی كانوونی یەكەم، ئەو 15 رۆژە مۆڵەتەی ماوەی یاسایی دوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بە مەبەستی راسپاردنی كاندیدێك لەلایەن لیستی گەورەی پەرلەمانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، کۆتایی هاتووە، لەسەر ئەو پرسەش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بە فەرمی داوای لە پەرلەمان كردووە كە لیستی گەورە كاندیدی پێشكەش بكات بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رابسپێردرێت، بەڵام تا ئێستە پەرلەمان ئەو كۆبوونەوەیەی نەكردووە.
بەشیر حەداد گوتی "دیار نییە پەرلەمان كۆ دەبێتەوە یان نا، چاوەڕوان دەكەین بزانین چی روودەدات".
بەپێی یاسا لیستی گەورەی پەرلەمان ئەو لایەنەیە كە مافی هەیە كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكات، بەپێی رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكانی كورد و سوننە و شیعەش ، پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی هێزە شیعەكانە كە تا ئێستە لەناوخۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.