تا دێت ژماره‌ی شوێنی نێرگه‌له‌كێشان له كوردستان زیاتر ده‌بن كه وه‌ك كێشانی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌یه. هه‌ندێك له كافتریاكان له ڕاكێشانی كڕیار، قه‌تره‌ی مودمین و جۆره‌ها ده‌رمان تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كه‌ن، كه به نهێنی و به ته‌نیا پێنج هه‌زار دینار له وڵاتی دراوسێ وه‌چه‌نگی ده‌خه‌ن و كێشانی تاقه نێرگه‌له‌یه‌ك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی گیرۆده‌ت بكات. لیژنه‌كانی به‌دواداچوون كه ئامێری پشكنینیان نییه، تا ئێسته هیچ كافتریایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه سزا نه‌داوه.
دووكه‌ڵ وه‌ك هه‌وری سپی هه‌موو قوژبنێكی گرتووه‌ته‌وه، تا ده‌هات له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه چڕتر ده‌بووه‌وه و شوێنێك بۆ دووكه‌ڵ نه‌مابووه‌وه، داده‌به‌زی و چینی خوارتری ده‌ته‌نی، دووكه‌ڵ توانای بینینی كه‌م كردووه‌ته‌وه و بۆ هه‌رلایه‌ك ده‌ڕوانی ئۆقه‌یه‌كی تر دووكه‌ڵ ده‌بینی، كه له ده‌می گه‌نجانی قاچ له‌سه‌ر قاچ و چاو له‌سه‌ر مۆبایل ده‌هاته ده‌ره‌وه.
هێدی هێدی كورسییه به‌تاڵه‌كانیش پڕ ده‌بوونه‌وه و ده‌بوونه كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی دووكه‌ڵ، له‌و دۆخه‌دا كه به ئه‌سته‌م هه‌ناسه‌ی بۆ هه‌ڵده‌كێشرا، به ڕووی هاوڕێكانی ته‌قییه‌وه، ئه‌رێ به‌س نه‌بێت ئه‌و دووكه‌ڵه پیسه؟ سه‌یری ئه‌و ته‌مه بكه‌ن، به‌خوا هه‌ناسه نادرێت، ئاخر ئه‌و ژه‌هره چ تامێكی هه‌یه؟ له وه‌ڵامیدا غه‌ڵبه‌غه‌ڵب به‌رز بووه‌وه و هه‌ریه‌كه و له‌به‌ر خۆیه‌وه قسه‌یه‌كی ده‌كرد. بڕۆ بابه تۆ چوزانی ژیان چییه، ئه‌و دووكه‌ڵه ئارامت ده‌كاته‌وه، ئه‌وه چییه له ئێوارێوه لێت داژه‌نیوه و وه‌ك پیرێژنی دۆڕژاو هه‌ر بۆڵه‌ت دێ، وه‌ره مژێكی لێده كه‌مێك له خه‌مه‌كانت به با بكه، چییه له ماڵه‌وه ده‌ترسی؟ هتد...
له كوردستان ماده‌ی هۆشبه‌ر و جۆره‌ها ده‌رمان تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كرێت
سه‌رخستنه‌سه‌ری هاوڕێكانی به ده‌رفه‌ت زانی تا ئه‌ویش سۆنده‌كه وه‌ربگرێت و مژێكی لێدا، هه‌ر ئه‌و مژه به جۆرێك "سامان محه‌مه‌د"ی دیل كرد، ئێسته ڕۆژانه نێرگه‌له‌یه‌ك به با ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نێرگه‌له هاوشێوه‌ی جگه‌ره ڕێژه‌یه‌ك نیكۆتینی تێدایه و سووتاندنی تووتنه و دووكه‌ڵی ژه‌هراوییه، به تێكه‌ڵبوونی به خوێن، هێواش هێواش به‌كارهێنه‌رانی حه‌وجێی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌مۆكردنه به ماوه‌یه‌ك كێشانی به‌رده‌وامه، نه‌ك به باكردنی تاقه نێرگه‌له‌یه‌ك، ئه‌وه‌ی بۆ سامان و ئێمه لێڵه، هۆكاره‌كه‌ی لای زۆر خاوه‌ن هۆڵه‌كانی نێرگه‌له‌كێشان زۆر ڕوون و ئاشكرایه.
به‌مه‌رجی ناونه‌هێنان، خاوه‌ن هۆڵێكی نێرگه‌له بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، "له كوردستان ماده‌ی هۆشبه‌ر و جۆره‌ها ده‌رمان تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كرێت".
ئه‌و كه‌سه باسی له قه‌تره‌یه‌كی تایبه‌ت به نێرگه‌له كرد كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێرانه و تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كرێت، كه كێشانی دانه‌یه‌ك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی تا ته‌مه‌نت هه‌یه به‌دوایدا وێڵ بیت. وه‌ك خۆی گوتی "پێشتر به ئاشكرا و به ته‌نیا پێنج هه‌زار دینار له بازاڕ ده‌ست ده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێسته به نهێنی و نرخه‌كه‌یشی كه‌مێك به‌رز بووه‌ته‌وه".
بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌و قه‌تره‌یه ئاشكرا بكات، "وشه" هه‌وڵی ده‌ستخستنی دا، سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی كرد كه تووتن و كاڵای تر تایبه‌ت به نێرگه‌له ده‌فرۆشن له شوێنه جیاوازه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی، له‌و شوێن بۆ ئه‌و شوێن، له‌و دووكان بۆ ئه‌و فرۆشگه ڕه‌وانه ده‌كراین، له هه‌ر شوێنێك شتێكمان پێ ده‌گوترا، "نازانم باسی چی ده‌كه‌ی، ئه‌و قه‌تره‌یه قاچاخه، ده‌زانی داوای چی ده‌كه‌ی؟، ئه‌وه زۆر خه‌ته‌ره و باسی شتی وا مه‌كه. *بۆ؟، "چونكه ئه‌گه‌ر زۆری تێبكه‌ی كه‌سه‌كه ده‌كوژێت، بڕۆ باوكه كێ ناردووتی با خۆی بێت، ئێمه نیمانه و شتی وا نافرۆشین، بڕۆ فرانه دكان هه‌یتی، ئێسته ئه‌وه نه‌ماوه".
له به‌دواداچوونه‌كه‌ی "وشه"دا ده‌ركه‌وت، ئه‌و قه‌تره‌یه لای زۆر له خاوه‌ن فرۆشگه‌كان ئاشنایه، به‌ڵام وه‌ك دووكاندارێك بۆ "وشه" باسی كرد، "ئاگه‌دار كراینه‌وه ئه‌و قه‌تره‌یه نه‌فرۆشین، بۆیه ئه‌گه‌ر نه‌تناسن ده‌ستت ناكه‌وێ".
جگه له‌و قه‌تره‌یه، دووكانداره‌كان باسی چه‌ندان شله و ده‌رمانی تریان ده‌كرد كه هه‌ندێك له خاوه‌ن هۆڵه‌كانی نێرگه‌له‌كێشان داوای ده‌كه‌ن و بۆ دووكه‌ڵی زۆر و تام و جه‌و، تێكه‌ڵی تووتنی ده‌كه‌ن.
ده‌رمانی شله‌ی "فینستیل" و گلیسرین (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی ڕێژه‌یه‌كی تێدا هه‌یه)، له ده‌رمانخانه‌كان به‌رده‌سته و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی به‌كارهێنانی بڕێكی زۆری، گێژبوون و گه‌شه و چالاكی مێشك لاواز ده‌كات.
لا نه‌كردنه‌وه و گوێنه‌دان به‌و مه‌ترسییه، زۆر گه‌نجی كوردستانی هاوشێوه‌ی سامان گرفتاری نێرگه‌له‌كێشان كردووه، ڕۆژانه ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت و زۆری به‌كاربه‌رانیشی شوێنی نێرگه‌له‌كێشانی زۆری له شاره‌كانی كوردستان كردووه‌ته‌وه، خواستی ڕێپێدانیش یه‌كجار زۆره.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، ١١٨ كافتریا له هه‌ولێری پایته‌خت تۆمار كراون و مۆڵه‌تیان پێ دراوه، تا دێت ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ر له ١٢ ساڵ تاقه شوێنێكی تایبه‌ت به كێشانی نێرگه‌له له هه‌ولێر هه‌بووه، جیا له‌وانه چه‌ندانی تر له لاكۆڵانه‌كانی ئه‌و شاره هه‌ن كه مۆڵه‌تیان نییه و هه‌یشیانه مۆڵه‌تی میلیی پێ دراوه كه ئه‌وه لای ئه‌وان نییه، ده‌نا ژماره‌كه زۆر له‌وه زیاتره و ئێسته له زۆربه‌ی كووچه و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێر و پارێزگاكانی كوردستان، چه‌ندان شوێنی نێرگه‌له‌كێشان هه‌ن و سه‌ره‌ڕۆیی هه‌ندێكیان كه‌سانێك مت ده‌كه‌ن، هێشتایش هیتر ده‌كرێنه‌وه.
نه‌ریمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، به"وشه" ده‌ڵێ، "داواكاری كردنه‌وه‌ی كافتریای نوێ زۆره".
كوردستان به‌هه‌شتی بازرگانان
ئه‌و خاوه‌ن كافتریایانه‌ی ئه‌و مادانه تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كه‌ن و گه‌نجانی پێ مت ده‌كه‌ن، ته‌نیا وه‌چه‌نگخستنی به نهێنی ده‌هێڵنه‌وه و به ئاشكرا تووتنی تێكه‌ڵ به ده‌رمان له پێش كڕیارانیان داده‌نێن، ئاخر كه‌س نییه بۆ پشكنینی تووتنی نێرگه‌له سه‌ردانیان بكات، ئه‌وه له كاتێكدایه پارێزگاكان لیژنه‌ی به‌دواداچوونیان هه‌یه.
ئاسۆ ستار ئه‌نوه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی قایمقامییه‌تی هه‌ولێر سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و قه‌تره‌یه هه‌یه، له "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌م له قایمقامییه‌ت و هه‌میش له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان به‌دواداچوون ده‌كه‌ن.
ئاسۆ كه به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری گه‌شتیارییه له گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، روونی كرده‌وه "له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕێژه‌یه‌كی زۆر كافتریامان له‌سه‌ر نه‌بوونی مۆڵه‌ت و پابه‌ندنه‌بوون سزا داوه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌مان نه‌دیوه".
له‌باره‌ی پشكنینی تووتنی نێرگه‌له‌ی شوێنی كێشانی نێرگه‌له، یاریده‌ده‌ری پاراستنی ته‌ندروستی به‌شار به‌شیر كه‌ریم نوێنه‌ری چاودێری ته‌ندروستی له لیژنه‌ی قایمقامییه‌تی هه‌ولێر، به"وشه"ی ڕاده‌گه‌یه‌نێ، ئێمه پشكنین بۆ كافتریاكان ده‌كه‌ین، به‌ڵام له وه‌ڵامی پرسیاری "وشه" كه ئه‌گه‌ر ماده‌یه‌ك تێكه‌ڵ به تووتنی نێرگه‌له بكرێت، پشكنینه‌كانیان ده‌ریده‌خات؟، گوتی "پشكنینی تووتنی نێرگه‌له ته‌نیا له كوالێتی كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت، ته‌نیا ئه‌وان ئه‌و جۆره ئامێره‌ی پشكنینیان هه‌یه له جیاكردنه‌وه‌ی ماده‌كان، ئێمه نیمانه، به‌ڵام پێویسته هه‌مان بێت".
له به‌دواداچوونی "وشه"دا ده‌ركه‌وت، له كوردستان تووتنی نێرگه‌له ته‌نیا له كاتی هاورده‌كردندا پشكنین بۆ هه‌ندێكیان ده‌كرێت، ئه‌وه له كاتێكدایه له ناوه‌وه‌ی كوردستان ماده‌كان تێكه‌ڵ به تووتن ده‌كرێن و گه‌نجان گیرۆده ده‌كرێن.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی دڵنیان پشكنینیان بۆ ناكرێت، له‌به‌ر ده‌ستكه‌وتی كه‌سیی، زۆر له كافتریاكانی نێرگه‌له له كوردستان، جۆره‌ها ده‌رمان تێكه‌ڵی تووتنی نێرگه‌له ده‌كه‌ن كه ته‌نیا جارێك كێشانی به‌سه بۆ هه‌تایه نه‌توانی وازی لێ بێنیت و تا ئێسته كه‌سیش له‌سه‌ر ئه‌وه سزا نه‌دراوه، بۆیه هاوشێوه‌ی "سامان" كه‌م نین و ڕۆژانه زیاتریش ده‌بن.
سامان محه‌مه‌د كه تا ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵی له‌به‌ر دووكه‌ڵی جگه‌ره ڕای ده‌كرد، ئێسته به‌بێ نێرگه‌له سه‌ربه هیچ شوێنێكدا ناكات، له كاتێكدا زیانه‌كانی نێرگه‌له كوشنده‌یه و دواجار به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناته‌ندروست دێته به‌رهه‌م.
كۆمه‌ڵگه‌ی وا كه‌سانی تووشبوو به نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان و شێرپه‌نجه‌ی گه‌لێك له كه‌سانی ته‌ندروست زیاتر ده‌بێت، كه دواجار له چاره‌سه‌ركردنیان بودجه‌یه‌كی قه‌به ده‌چێته ئه‌ستۆی حكوومه‌ته‌وه.
زیانه‌كانی نێرگه‌له‌كێشان:
دووكه‌ڵی نێرگه‌له چوار هه‌زار و ٨٠٠ ماده‌ی كیمیایی تێدایه كه زیاتر له ٧٠ دانه‌یان شێرپه‌نجه دروست ده‌كه‌ن، هۆڕمۆنه‌كانی جه‌سته تێكده‌ده‌ن، هۆكارێكن بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشیی، جیا له تووتنه‌كه خه‌ڵووزی به‌كارهێنراوی نێرگه‌له ماده‌ی ژه‌هراوییه و زیانی بۆ ته‌ندروستی هه‌یه.
نێرگه‌له نه‌ك هه‌ر زیانی له جگه‌ره زیاتره، بگره گه‌لێك له جگه‌ره خراپتره، به‌وه‌ی بڕی زیاتری ماده‌ی ئارسینك و قورقوشم و نیكلی تێدایه، ١٥ هێنده زیاتر ئۆكسیدی كاربۆنی تێدایه و به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك، "كێشانی یه‌ك نێرگه‌له بۆ ماوه‌ی كاتێكی ته‌واو، زیانی زیاتره له كێشانی ٢٠٠ جگه‌ره".
نێرگه‌له‌كێشان هۆكارێكه بۆ تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و تووشبوون به شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان و قوڕگ، وشكبوونه‌وه‌ی پێست، كێشانی به به‌رده‌وامی ٨٠%ی گورچیله ده‌مرێنێت و هۆكارێكه بۆ قورسبوونی هه‌ناسه‌دان، جه‌ڵته‌ی دڵ، دووكه‌ڵی نێرگه‌له كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی شێرپه‌نجه‌ی له‌خۆ گرتووه.
وشه/به‌دواداچوونی چواس خالید